ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردەی عێراق مان دەگرن

مەیدانی تەحریری بەغدا
مەیدانی تەحریری بەغدا

 بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە 6ـی نیسانی 2025، لە سەرتاسەری پارێزگاکانی عێراق مانگرتنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەران بەڕێوە بچێت و وەزارەتی پەروەردەی عێراقیش داواکارە پابەندی دەوامی ئاسایی بن.

لیژنەی هەماهەنگیی مانگرتنی مامۆستایان، لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی کردووەتەوە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی چەند داواکارییەک، مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی سەر بەوەزارەتی پەروەردەی عێراق لە سەرجەم پارێزگاکان بەڕێوە دەچێت.

فەرمانبەران و مامۆستایانی میلاکی وەزارەتی پەروەردەی عێراق داوای زیاد کردنی مووچە و شایستە داراییەکانیان دەکەن لەگەڵ پێدانی چەند مافێکی دیکە، بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی لیژنەی هەماهەنگیی مانگرتن، مووچەخۆرانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە لە زۆر بواردا ستەمیان لێ دەکرێت و مافەکانیان پێشێل دەکرێت، هەربۆیە بڕیاری مانگرتن و بایکۆتی دەوامیان داوە.

هەر لە داواکارییەکانیاندا هاتووە "دەبێت یاسای خزمەتی پەروەردەیی لەگەڵ خزمەتی زانکۆیی لە ڕووی مووچە و دەرماڵە و شایستە داراییەکانیان هاوتا بکرێن کە دەرماڵەکانی بڕوانامە و ناونیشانی زانستی، هاتوچۆ، هاوسەرگیری و منداڵ، دەگرێتەوە."

لەبەرانبەردا، وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەیی لە سەرجەم پارێزگاکان، هەموو مامۆستایان و فەرمانبەرانی قوتابخانەکانی ئاگەدار کردووەتەوە، کە ئەمڕۆ یەکشەممە 6ی نیسانی 2025، لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن دەوام ئاساییە و دەبێت پابەندی دەوام بن.

هەروەها ڕایگەیاندووە، وەزارەتی پەروەردە جەخت لەسەر تەواوکردنی پرۆگرامی خوێندن دەکاتەوە بە گوێرەی خشتەی پەروەدەیی.

 

 
Fly Erbil Advertisment