هاڕەی بەهای تومەن و گرانیی بازاڕ، تەنگی بە دانیشتووانی ئێران هەڵچنیوە

بۆرسەی تاران
بۆرسەی تاران

ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و فشارەکانی ئیدارەی ترەمپ لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، هۆکار بوون بۆ ئەوەی بەهای تومەن بە جۆرێک هاڕە بکات، کە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا پێشینەی نەبووە؛ ئەمەش وایکردووە، جیاواز لە هەموو ساڵێک، دانیشتووانی ئێرانی بە نیگەرانی و ترسەوە پێشوازیی لە ساڵی نوێی هەتاوی بکەن.

بنکەکانی ئاڵوگۆڕی دراو ڕێگایان پێ نادرێت نرخی ڕاستەقینە بنووسن و هەڵواسن، بەڵام ماڵپەڕە فەرمییەکانی تایبەت بە بڵاوکردنەوەی بەهای دراوە بیانییەکان، سات بە سات هاڕەی بەهای تومەن بڵاو دەکەنەوە و مەترسیی خۆیان دەربڕیوە و نایشارنەوە، کە بەهای یەک دۆلاری ئەمەریکی هەر لە سەرووی 103 هەزار تومەن بە جێگیری نامێنێتەوە، بەڵکو تومەن زیاتر هاڕە دەکات بە لە دەستدانی بەهای زیاتر، دۆلار بەهای زیاتر هەڵدەکشێت.

سەجاد مەعسوومی، دانیشتووی تاران بێهیوا بووە و دەڵێت: دۆخەکە بە تەواوی لە کۆنترۆڵ دەرچووە و دیار نییە بەرەو چ ئاقارێک دەڕوات، چونکە هیچ چاودێرییەکی فەرمی لەسەر بازاڕی دراوە بیانییەکان نییە، هەموو پێویستییەک لەم وڵاتەی ئێمەدا، بە بەهای دۆلار بەستراوەتەوە. ئێمە بۆ هەرکوێ بچین و هەرچییەک بکڕین و هەر کارێک بکەین، پەیوەندیی بە بەهای دۆلارەوە هەیە.

دابەزینی بەهای دراوی ئێران، پەرەسەندنی زیاتری هەڵاوسان و بێکاری و لە ئەنجامیشدا هەژاریی خەڵکی لێ کەوتووەتەوە. زیاتر لە نیوەی خەڵکی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتایییەکانی ژیانێکی ئاساییی دەستەوەستان ماون. زۆرینەی نیوەکەی دیکەش ئەو داهاتەی هەیانە تەنیا بەشی کرێی خانوو و خۆراکەکەیان دەکات.  بە تایبەت فەرمانبەرانی حکوومی کە مووچەیەکی دیاریکراویان هەیە و هەروەها خانەنشینان ساڵ لەدوای ساڵ هەژارتر دەبن.

دانیشووێکی دیکەی تاران بە ناوی سەعد دەڵێت: ئەم دۆخەی دۆلار کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر نرخی کاڵاکان دەبێت، دووکەڵەکەشی دەچێتە چاوی خانەنشینێکی وەک منەوە کە چاوم تەنیا لە مووچەکەمە. ئەویش لە کاتێکدا کە هەڵاوسان لە 50% زیاتر بەرزبووەتەوە، کەچی مووچەی من لە 20% زیاد دەکەن.

سیاسەتی زۆرترین گوشاری حکوومەتی دۆناڵد ترەمپ لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنیا لە ماوەی کەمتر لە سێ مانگدا کاریگەریی زۆر وێرانکەری لەسەر ئابووریی ئەو وڵاتە دروست کردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە هێشتا هەناردەی نەوتی ئێران بەو ڕادەیەی دۆناڵد ترەمپ دەیەوێ کەم نەبووەتەوە و کۆماریخوازانی کۆنگرێسیش 10 پڕۆژەیاسایان لە پاکێجێکدا ئامادە کردووە، ئەگەر پەسەند بکرێت دەبێتە قورسترین کۆمەڵە گەمارۆی سەپێندراوی سەر ئابووریی ئێران لە مێژووی وڵاتەکەدا.


 
Fly Erbil Advertisment