دیالە.. پۆلیس هەڵیکوتایه‌ سەر قوتابخانەکان و مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازیی بە نەهاتوو تۆمار كرد

مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عێراق له‌ زۆربه‌ی قوتابخانه‌كانی سه‌رتاسه‌ری پارێزگاكانی عێراق ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕی و نه‌چوونه‌ هۆڵه‌كانی خوێندن و له‌ به‌رده‌م قوتابخانه‌كانیان گرد بوونه‌وه‌.

یه‌كشه‌ممه‌، 6ـی نیسانی 2025، مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عێراق له‌ زۆربه‌ی قوتابخانه‌كانی سه‌رتاسه‌ری پارێزگاكانی عێراق له‌ به‌رانبه‌ر جێبه‌جێنه‌كردنی داواكارییه‌كانیان ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕی نه‌چوونه‌ هۆڵه‌كانی خوێندن و له‌ به‌رده‌م قوتابخانه‌كانیان گرد بوونه‌وه‌.

مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی پارێزگای دیاله‌ بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌، پۆلیس و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق چوونه‌ته‌ ناو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی قوتابخانه‌كان و ناوی ئه‌و مامۆستا و فه‌رمانبه‌رانه‌یان به‌ نه‌هاتوو تۆمار كردووه‌، كه‌ نه‌چوونه‌ته‌ ناو قوتابخانه‌كان و له‌ ده‌ره‌وه‌ گرد بوونه‌ته‌وه‌.

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسی دیاله‌ ڕه‌تی كردووه‌ته‌وه‌، كارمه‌نده‌كانیان چووبێتنه‌ ناو قوتابخانه‌كان و ڕێكاریان به‌رانبه‌ر به‌ مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران گرتبێته‌به‌ر، به‌ڵام له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، پۆلیس و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی شاره‌كه‌ چوونه‌ته‌ ناو قوتابخانه‌كان و ڕێكاریی توندیان به‌رانبه‌ر به‌و مامۆستا و فه‌رمانبه‌رانه‌ گرتووه‌ته‌ به‌ر، كه‌ نه‌چوونه‌ته‌ هۆڵه‌كانی خوێندن.

یه‌كشه‌ممه‌، 6ـی نیسانی 2025،لیژنەی هەماهەنگیی مانگرتنی مامۆستایان، لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی کرده‌وە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی چەند داواکارییەک، مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی سەر بەوەزارەتی پەروەردەی عێراق لە سەرجەم پارێزگاکان بەڕێوە دەچێت.

فەرمانبەران و مامۆستایانی میلاکی وەزارەتی پەروەردەی عێراق داوای زیاد کردنی مووچە و شایستە داراییەکانیان دەکەن لەگەڵ پێدانی چەند مافێکی دیکە، بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی لیژنەی هەماهەنگیی مانگرتن، مووچەخۆرانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە لە زۆر بواردا ستەمیان لێ دەکرێت و مافەکانیان پێشێل دەکرێت، هەربۆیە بڕیاری مانگرتن و بایکۆتی دەوامیان داوە.

هەر لە داواکارییەکانیاندا هاتووە "دەبێت یاسای خزمەتی پەروەردەیی لەگەڵ خزمەتی زانکۆیی لە ڕووی مووچە و دەرماڵە و شایستە داراییەکانیان هاوتا بکرێن کە دەرماڵەکانی بڕوانامە و ناونیشانی زانستی، هاتوچۆ، هاوسەرگیری و منداڵ، دەگرێتەوە."

لە بەرانبەردا، وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەیی لە سەرجەم پارێزگاکان، هەموو مامۆستایان و فەرمانبەرانی قوتابخانەکانی ئاگەدار کردووەتەوە، کە ئەمڕۆ یەکشەممە 6ی نیسانی 2025، لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن دەوام ئاساییە و دەبێت پابەندی دەوام بن.

هەروەها ڕایگەیاندووە، وەزارەتی پەروەردە جەخت لەسەر تەواوکردنی پرۆگرامی خوێندن دەکاتەوە بە گوێرەی خشتەی پەروەدەیی.

 
Fly Erbil Advertisment