فیلمی "بەرازیلیە شینەکە " کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە

دوای پەخشکردنی لە سینەماکانی هەولێر فیلمی " بەرازیلیە شینەکە" خانەوادەی تەحسین بەستەپیازە سکاڵا لەسەر دەرهێنەر و ستافی فیلمەکە تۆماردەکەن و سینارستی فیلمەکەش دەڵێت: دوور و نزیک باسی هیچ کەسێک نەکراوە .

دووشەممە، 7ـی نیسانی 2025، داروین وەیس سینارستی فیلمی بەرازیلیە شینەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند: فیلمەکە کۆکراوەی کۆمەڵێک چیرۆکی ڕاستەقینەی چەند ساڵێکی هەولێرە، بەهیج شێوەیەک باس لە ڕۆڵی کەسێک نەکراوە بەناوی تەحسین بەستەپیازە، کە بە " تەعۆ" ناسراوە.

گوتیشی: ناوەڕۆکی فیلمەکە تاوانکاری و خۆشەویستی گرووپێکە لەناو ئەو شارە، دیمەنەکان و شوێن تەواوی هەڵقۆڵاوی نێو هەولێرن و لە چیرۆکی ڕاستەقینەوە وەرگیراون.

باسی لەوەش کرد، لەماوەیەکی کەمدا سینەماکان پڕبوون لە تەماشاکەرانی فیلمەکە و ڕۆژ بە ڕۆژ هاووڵاتییانی زیاتر دێن بۆ سەیرکردنی فیلمەکە.

دوێنێ یەکشەممە، کەسوکاری تەحسین موحسین ناسراو بە تەعۆی بەستەپیازە سکاڵایان لەسەر دەرهێنەر و سینارستی فیلمەکە تۆمارکرد و ڕایانگەیاند: " تەحسین کەسێکی باش و خۆشەویست بووە لەناو خەڵکی بەڵام لە فیلمەکەدا وە نیشاندراوە کە کەسێکی پیاوکوژە" 

تەحسین موحسین " تەعۆی بەستەپیازە" کێیە؟

تەحسین موحسین لەناو هەولێر بە تەعۆی بەستەپیازە ناسراوە و  لە ساڵی 1973 لەدایکبووە، لە ساڵی 1995 کوژراوە.

بەستە پیازە کوێیە؟

یەکێکە لە گەڕەکە کۆنەکانی شاری هەولێر، ناوەکەی لە کۆنەوە بۆی ماوەتەوە و گەڕەکێکی میللی ئەو شارەیە و ژیان لەم گەڕەکەدا لە ئاستێکی بەرزی کۆمەڵایەتیی بووە و چەندین خانووی کۆنی تێدایە، ئەمە جگەلەوەی چەندین ماڵبات چەندین نەوەیە لەم گەڕەکە دەژین.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment