ئالین کلیپێکی نوێ بە ناوی 'شێخانی' بڵاو دەکاتەوە

بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار، خانمە هونەرمەندی کورد ئالین، گۆرانییەکی فۆلکلۆری کۆنی بە ناوی “شێخانی” پێشکەش بە هەوادارانی دەکات. ئەم گۆرانییە لە تێکست و ئاوازی فۆلکلۆری کۆنی باکووری کوردستانە. 

دووشەممە، 7ـی نیسانی 2025، هونەرمەند ئالین بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە پاڵ خۆشەویستیم بۆ گۆرانی و سروودە نیشتمانییەکان، یەکێکم لە ئاره‌زوومه‌ندانی فۆلکلۆری ڕەسەنی کوردی و هەمیشە هەوڵ دەدەم سوود لەم سامانە هونەری و نەتەوەییە بە نرخە وەربگرم. 

گوتیشی: ئێمەی کورد لە ڕووی هونەرییەوە خاوەنی سامانێکی گەورەین لە فۆلکلۆری پتەو و ڕەسەن کە لەلایەن هونەرمەندە گەورەکانی پێش ئێمەوە پێشکەش کراوە و لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا بە زیندوویی ماوەتەوە. ئەم فۆلکلۆرە هۆکارێک بووە بۆ بەردەوامیی ململانێ و خەباتی نەتەوەیی و بەدەستهێنانی مافەکانمان لە ڕێگەی هونەر و گۆرانییەوە بە شێوەیەکی گشتی.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەسەر ئەم ڕێبازە بەردەوام دەبم، چونکە خۆشەویستی و حەز و خولیام بۆ گۆرانیی کوردی، هونەری کوردی و نەتەوەی کورد، هانده‌ر و پاڵنەری سەرەکیی منە بۆ پێشکەشکردنی بەرهەم و گۆرانیی کوردی بە جەماوەری کوردستان لە هەموو پارچەکانیدا بێ هیچ جیاوازییەک.

ئەو سترانبێژە باسی لەوەش کرد، لە ماوەی ڕابردوودا، کۆمەڵێک گۆرانیم بە شێوەی تاک (سینگڵ) پێشکەش کرد. گۆرانیی (شێخانی) یەکێکە لەو گۆرانییانەی کە پێشکەش بە جەماوەرم کردووە. ئەم گۆرانییە، گۆرانییەکی میللی دەڤەری بۆتانە هەروەها هەڵپەڕکێیەکەشی هی هەمان دەڤەرە و لە دەڤەرەکانی دیکەی کوردستانیش گوتراوە و خۆشە.

گۆرانییەکە لە قەڵای هەولێر بە سەرپەرشتیی دەرهێنەری گەنج ڕێناس میران  وێنەی گیراوە.