داوا دەکرێت ئەو کتێبانەی دەبنە هۆی توندوتیژی لە پێشانگەی کتێب نمایش نەکرێن

بە قاچاغهێنانی کتێبە قەدەغەکراوەکان یەکێکە لەو دیاردەیه‌ی ساڵانە لە پێشانگەی هەولێر بۆ کتێب دووبارە دەبێتەوە و لێژنەی پێشانگاکەش دەڵێت: ڕێگە نادەین ئەو کتێبانەی دەبنە هۆی بڵاوبوونەوەی توندوتیژی لە پێشانگە بڵاو بکرێنەوە.

دووشەممە، 7ـی نیسانی 2025، نیان ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی باڵای پێشانگە بە کوردستان24ـی گوت: لێژنەیەکی تایبەت لەبارەی بەدواداچوون بۆ کتێبەکان لە وەزارەتی ڕۆشنبیری حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، هەموو ساڵێک هەر 10ڕۆژی پێشانگاکە بەردەوام بەدواداچوون بۆ سەرجەم کتێبەکان دەکات.

نیان ئەحمەد، گوتیشی: چەند دەزگایەک ویستوویانە كتێب بە ڕێگای جیاواز یان لەژێر کتێبی دیکەدا دایبنێن و بیهێنە ناو پێشانگە، بەڵام ڕێگەمان نەداوە.

لەلای خۆیەوە، دانا فایەق هەڵسوڕێنەری زنجیرەی دەزگای چاپی کتێبی سەردەم بە کوردستان24ـی گوت: هەندێک جار ئەو کتێبانە هێنراون، کە دەبنە هۆی بڵاوبوونەوەی هزری توندوتیژی، پێویستە ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی بکرێت و لە بەرانبەردا، گرنگی بەو کتێبانە بدرێت کە دەبنە هۆی بڵاوکردنەوەی، لێبووردەیی، لێک نزیکبوونەوە و لێک تێگەیشتن.

محەممەد مه‌عرووف، بەرپرسی ناوەندیی تیشک بە کوردستان24ـی گوت: پێویستە ناوەند و دەزگاکان خۆیان ئەو کتێبانە چاپ نەکەن کە دوورن لە بەها کۆمەڵاتییەکان و هانی خەڵکی بدەن بۆ توندتیژی.

ڕۆژی چوارشەممە، 9ـی نیسانی 2025، 1ـمین پێشانگەی هەولێر بۆ کتێب بۆ ماوەی 10دەکرێتەوە.

ئەمساڵ 350 خانەی بڵاوکردنەوە لە 22 وڵاتی عەرەبی و جیهانییەوە تیایدا بەشدارن.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment