هانزی فلیك پەیامێكی بۆ دۆرتمۆند نارد

بارسێلۆنا لە كۆی 20 یاری، 15 سەركەوتی بەرامبەر یانەكانی ئەڵمانیا بەدەستهێناوە

گرتەیەك لە یاریی پێشووی نێوان بارسێلۆنا و دۆرتمۆند
گرتەیەك لە یاریی پێشووی نێوان بارسێلۆنا و دۆرتمۆند

بارسێلۆنا لە یاری چوونی قۆناغی چارەکی کۆتایی و لە یاریگا خۆی، رووبەڕووی یانەی بورووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانیا  دەبێتەوە، ئەگەر بە گوێرەی پێشبینییەكانی ژیری دەستكرد بێت ئەم وەرزە بارسێلۆنا نازناوی چامپیۆنزلیگ دەباتەوە.
بارسێلۆنا سبەی چوارشەممە لە كاتژمێر 22:00 لەنێو یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی بورووسیا دۆرتمۆند دەكات، ئەگەر بە گوێرەی پێشبینیەکان و ژیری دەستکرد بێت، بارسێلۆنا ئەم وەرزە دوای نزیکەی 9 وەرز جارێکی دیکە ناسناوی چامپیۆنزلیگ بەدەست دەهێنێت. 
یانەکەی هەرێمی کەتەلۆنیا، دوایینجار وەرزی رابردوو گەیشتە قۆناغی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، بەڵام نەیتوانی ئەم قۆناغە بە سەرکەوتووانە تێپەڕێنێت، هەروەها دوایینجاریش نزیکەی شەش ساڵ لەمەوبەر، توانی سەرکەوێت بۆ قۆناغی پێشکۆتایی پاڵەوانێتیەکە.

لێدوانەكانی هانزی فلیك لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی دۆرتمۆند
''من هەرگیز گرنگیم بە ئامارەکان نەداوە، هەمیشە ئەوەشم گوتووە بۆ من ئامارەکان گرنگ نین، هەروەها بە هەمان شێوە بە هیچ شێوەیەک سەیری رابردوو ناکەمەوە، ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەو یارییە و یارییەکانی داهاتووە. چامپیۆنزلیگ بۆ من و هەموو یاریزانەکان، گەورەترین دەستکەوتە، بۆیە ئەوەی لە تواناماندا بێت ئەنجامی دەدەین بۆ بەدەستهێنانی، ئەوانی دیکە هەمووی ژمارەن و پەیوەندیان بە منەوە نیە''.

بارسێلۆنا 4 یاریزانی لەدەست داوە
بۆ ئەم یارییە لە ریزەکانی یانەی بارسێلۆنا، چەند یاریزانێک بەهۆی پێکان یاری ناکەن، ئاندرێ تێر شتیگنی گۆڵپارێزی ئەڵمانی یەکێک دەبێت لەو یاریزانانە و ناوی بۆ چامپیۆنزلیگ تۆمار نەکراوە، هەروەها کاسادۆ و بێرناڵ و ئینگۆ مارتینێز بەشداری یارییەکە ناکەن.
بارسێلۆنا پێشتر 20 جاری دیکە لە چامپیۆنزلیگ، لە یاریگای خۆی رووبەڕووی یانە ئەڵمانیەکان بووەتە، لەو بیست یارییەش 15 یاری براوە بووە و لە پێنج یاری دۆڕاون و هەر پێنج یارییەکەش بەرامبەر بایرن میونشن بووە.