بەڕێوەبەری هۆبەی کشتوکاڵی مەخموور لە بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ بێ ئومێدە

بەڕێوەبەری هۆبەی کشتوکاڵی مەخمور ئاماژە بەوە دەکات، بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ لەو سنوورە زۆر کەم دەبێت و ساڵی رابردوو لە هەر دۆنمێک تۆنێک گەنم بەرهەمی هەبووە.
سێشەممە، 8ـی نیسانی 2025، مەڕوان حوسێن، بەڕێوەبەری هۆبەی کشتوکاڵی مەخمور، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: بەهۆی کەمی بارانی ئەمساڵ، بەرهەمی گەنم لە سنووری مەخمور بە ناوچەکانی قەراج و کەندێناوە بەراورد بە ساڵانی رابردوو زۆر کەم دەبێت، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر بەرهەمی ئەمساڵی جووتیاران.
بەڕێوەبەڕی هۆبەی کشتوکاڵی مەخمور گوتیشی: ئەو زەوییانەی پشت بە باران دەبەستن، پێشبێنی دەکرێت ڕێژەیی بەرهەمیان بە ڕێژەی 0% بێت، بەڵام ئەو زەوییانەی پشت بە ئاوی بیر و ئاوپڕژێنەکان دەبەستن، بەرهەمهێنانیان هەندێک باشتر دەبێت.
باسی لەوەش کرد، ساڵی ڕابردوو لە هەر دۆنمێک زەوی داچێنراو بە گەنم، تۆنێک بەرهەم هەبوو، زۆرترین ڕێژەیی بەرهەمی گەنم لە هەموو عێراق لەسێ ساڵی ڕابردوو لەو سنوورە بووە، تەنیا ساڵی ڕابردوو 200 هەزار تۆن بەرهەمی گەنم هەبوو.
ئاماژەی بەوەش کرد، "بە داخەوە حکوومەتی عێراق ئەمساڵ زۆر دژایەتی ناوچە کوردییەکان دەکات و تاوەکوو ئێستا هیچ پلانێکیان بۆ گەنمی ئەو سنوورە نییە".
بۆ هاوکاری جووتیاران لە چەند ڕۆژی رابردوو بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای هەولێر لەسەر داواکاری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبای بۆ ئەو شوێنانە زیاد کرد، کە پشت بە ئاوی بیر و ئاوپڕژێنەکان دەبەستن بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان.
ئەمساڵ بە گشتیی ڕێژەیی بارانبارین لە سەرتاسەری هەرێم کوردستان بەراورد بە ساڵی پار کەمتر بوو و ئەمەش دڵڕاوکێی زۆری لەلایەن جووتیار و خاوەن بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دروست کردووە.