عێراق بۆ هاوسەنگکردنی بودجە پێویستی بەوەیە نرخی نەوت لەسەرووی 90 دۆلارەوە بێت

چوارشەممە، 9ـی نیسانی 2025، سندووقی دراوی نێودەوڵەتی ئاشکرای کرد، عێراق پێویستی بەوەیە نرخی نەوت لە سەرووی 92 دۆلارەوە بێت تاوەکوو بتوانێت بودجەیەکی هاوسەنگ بۆ ساڵی 2025، بەدەست بهێنێت.

سندووقی دراوی نێودەوڵەتی لە خشتەیەکدا ڕایگەیاندووە، وڵاتانی ئۆپێک پێویستیان بە هاوسەنگکردنی بودجەی نیشتمانی خۆیان هەیە بۆ ساڵی 2025، هەروەها "عێراق پێویستی بە تێکڕای نرخی 92.43 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک بۆ هاوسەنگکردنی بودجەی نیشتمانیی خۆی."

ئاماژەی بەوەش کردووە، بەرزترین تێکڕای نرخی نەوت کە وڵاتان بۆ هاوسەنگکردنی بودجەی نیشتمانی خۆیان داوایان کردبوو، ئێران پێویستی بەوەیە نرخی هەر بەرمیلێک نەوت بە 124 دۆلار و 12سەنت بێت، لە دوای ئەویش جەزائیر دێت کە هەر بەرمیلێک بە 118 دۆلار و 95 سەنت و پاشان کازاخستان بە 115 دۆلار و 93 سەنت بۆ هەر بەرمیلێک، تاوەکوو بودجەی نیشتیمانیان هاوسەنگ بکەن.

سندووقی دراوی نێودەوڵەتی بابسی لەوەش کردووە، سعوودیە پێویستی بە تێکڕای نرخی هەر بەرمیلێک 90.94 دۆلارە، دوای ئەویش کوێت بە 81 دۆلار و 84 دۆلار و ئازەربایجان بە 73 دۆلار و 14 سەنت و لیبیا بە 70.05 دۆلار و ئیمارات بە 49 دۆلار و 95 دۆلار کە کەمترین نرخە، بۆ هاوسەنگکردنی بوجەی نیشتیمانی.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نرخی نەوت لە جیهاندا دابەزی، ئەمەش بەهۆی کاردانەوەی ئەو باجانەی کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکاوە بەسەر ژمارەیەک هاوبەشی بازرگانی ئەمەریکادا سەپاندووە، ئەمەش نیگەرانییەکانی لەبارەی خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری جیهانی و کاریگەرییەکانی لەسەر پێشبینییەکانی خواست لەسەر نەوت دروستکردووە.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment