بە فەرمی وادەی كلاسیكۆی جامی شا دیاریكرا

بارسێلۆنا 3 رۆژ دوای ئەم یارییە دەبێت لە ئەڵمانیا رووبەڕووی دۆرتمۆند بێتەوە

ڤینسیۆس جۆنیۆر یاریزانی ریال مەدرید لەگەڵ لامین یامال ئەستێرەی بارسێلۆنا
ڤینسیۆس جۆنیۆر یاریزانی ریال مەدرید لەگەڵ لامین یامال ئەستێرەی بارسێلۆنا

بارسێلۆنا و ریاڵ مەدرید رۆژی 26ـی ئەم مانگە و لە یاری کۆتایی جامی شای ئیسپانیا رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە، میدیایەكانی ئیسپانیاش پێشبینی دەكەن یارییەكە لە لایەن دی بۆرگیسی ناوبژیوان بەڕێوە بچێت.

ئەمڕۆ شەممە، 12 نیسانی 2025،  بە فەرمی فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا کات و وادەی بەڕێوەچوونی یاری کلاسیکۆی جامی شای ئیسپانیای یەكلایی كردەوە و هەردوو یانەی بارسێلۆنا و ریاڵ مەدرید لە پێناو بەدەستهێنانی ناسناوی جامەکە، رۆژی شەممە 26ـی ئەم مانگە، لە یاریگا لاکارتوخا لە شاری سێڤییا، کاتژمێر 11:00ـی شەو بە کاتی هەولێر رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە، پێشبینی كراوە یارییەكە لە لایەن دی بۆرگیسی ناوبژیوان بەڕێوە بچێت.
بارسێلۆنا رۆژی شەممە لە یاریی كۆتایی جامی شا رووبەڕووی ریال مەدرید دەبێتەوە، دوو رۆژ دواتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی دۆرتمۆند دەبێت گەشتی ئەڵمانیا بكات و لە هەمان هەفتە كە دەكاتە شەوی سێشەممە لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر زەردەواڵەكان یاریی دەكەن.
یانەكانی ریال مەدرید و بارسێلۆنا پێشتر حەوت جاری دیکە لە یاری کۆتایی جامی شا، یارییان بەرامبەر یەکتری کردووە، لەو حەوت یارییەش ریاڵ مەدرید چوار جار براوە بووە و بارسێلۆناش سێجار، دوایین یارییشیان لە فاینەڵی جامی شا، ساڵی 2014 بوو کە ریاڵ مەدرید توانی یارییەکە بباتەوە.