ڕێژەی بێکاریی لە کرماشان لەسەر ئاستی ئێران زۆرترینە

ڕێژەی بێکاری لە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەموو پارێزگاکانی دیکەی ئێران زیاترە. بەپێی داتاکانی ناوەندی ئاماری ئێران ڕێژەی بێکاریی خەڵکی کرماشان لە زستانی ڕابردوودا گەیشتە 18.2%

ڕێژەی بەرزیی بێکاریی خەڵکی کرماشان لە زستانی 2025دا لە کاتێکدا تۆمار کراوە کە ڕێژەی بەشداریی ئابووریی پارێزگاکە 41.9% بوو و بەراورد بە ساڵی پێشتر0.7% زیادی کردووە. ڕێژەی هەلی کاریش لە 34.1%ی زستانی 2024ـەوە بۆ 35.6%ی زستانی 2025 زیاد بووە. 

ئەم داتا و ئامارانە لە کاتێکدا بڵاو کراونەتەوە کە پارێزگای کرماشان ساڵی ڕابردوو لە بواری هەناردەی کاڵا نانەوتی و پەرەپێدانی بازرگانیی سنووردا هەنگاوی باشی هەڵێناوە و تەنانەت ڕێژەی هەڵاوسان لەو پارێزگایە بۆ 29.7% دابەزی؛  گەڕانەوەی کرماشان بۆ پلەی یەکەمی بێکاری لە ئێراندا دەری دەخات کە مەرج نییە دابەزینی هەڵاوسان، دابەزینی بێکارییشی لێ بکەوێتەوە، بەڵکوو بەربەستەکانی هەلی کار، لەوانە پێکهاتە و ژێرخانی لاوازی بازاڕی کار لەو پارێزگایەدا بەردەوامن.

ئاژانسی مێهر نووسیویەتی، لە کرماشان دەرفەتی بەربڵاویی ئابووری هەیە، دەروازەی سنووریی نێودەوڵەتیی کارا هەیە، ڕێژەی زۆری دانیشتووانی کرماشان گەنجانی خاوەن بڕوانامەی خوێندنی باڵان و بوونی سەرچاوەی سروشتی و زەویی کشتوکاڵییش لەو پارێزگایە بەرچاوە، بەڵام بەهۆی ناهاوسەنگیی هەلی کار و ژمارەی هێزی کار، نەبوونی وەبەرهێنانی بەردەوام لە کەرتی بەرهەمهێنان، چڕبوونەوە لەسەر کاری وەرزی و نافەرمی و لاوازیی سیستەمی ڕاهێنانی شارەزایی، ڕێژەی بێکاری لەو پارێزگایە هەر بەرزە و چەند ساڵە پلەی یەکەمی بێکاریی ئێران تۆمار دەکات.

 
Fly Erbil Advertisment