بەپێی ماددەی 130ئێمباپێ سزا دەدرێت
چارەنووسی ئێمباپێ بۆ یاریی كۆتایی جامی شای ئیسپانیا كەوتە مەترسی
كلیان ئێمباپێ یەكەمین كارتی سووری بە درێسی ریال مەدرید وەرگرت و پێشبینی دەكرێت بۆ ماوەی یەك مانگ لە یاریكردن سڕ بكرێت، بەمەش بەشداریكردنی لە یاریی كۆتایی جامی شای ئیسپانیا كەوتە مەترسی.
ئەمڕۆ یەكشەممە، لە گەڕی 31ـی لالیگا، یانەی ریال مەدرید لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بووە میوانی یانەی دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس، لە خولەكی 37 كلیان ئێمباپێ بەهۆی بەكارهێنانی توندوتیژی بەرامبەر تیپی بەرامبەر بە كارتی سوور كرایە دەرەوە، بەمەش ئێمباپێ دوای 48 یاریی بە درێسی ریال مەدرید یەكەمین كارتی سووری لەگەڵ شایانەكانی ئیسپانیا وەرگرت.
بە گوێرەی پێگەی كۆپی ئیسپانیا، رەنگە كلیان ئێمباپێ بەهۆی ئەم هەڵسوكەوتە 3 بۆ 4 یاریی سڕ بكرێت، رەنگە سزایەكەشی بە گوێرەی ماددەی (130) كە تایبەتە بە توندوتیژی بەسەر ئەو یاریزانە جێبەجێ بكرێت.
دەقی ئەم ماددەیە لەگەڵ ئەم هەڵسوكەوتەی ئێمباپێ یەكدەگرێتەوە كە تێیدا دەڵێت: "هەر هەڵسوکەوتێکی توندوتیژی لە کاتی یاریکردن یان لە ئەنجامی ڕاستەوخۆی هەر یەکێک لە ڕووداوەکانی نێو یاریگە ڕووبدات كە بەهۆیەوە مەترسی لەسەر جەستە و ژیانی دروست بکەن، ئەگەرچی زیان و برینداربوونیشی لێنەکەوێتەوە، بەڵام بە توندی سزا دەدرێت بە ڕاگرتنی یارییەک بۆ سێ یاری یان بۆ ماوەی مانگێک".
بە گوێرەی پێگەی ئاسی ئیسپانیا، ئەگەر سزایەكەی بۆ 4 یاریی بێت، كلیان ئێمباپێ لە بەشداریكردن لە یاریی كۆتایی جامی شای ئیسپانیا بێبەش دەبێت كە بڕیارە یارییەكە لە رۆژی 26ـی ئەم مانگە لە یاریگەی سێڤییا بەڕێوە بچێت.