کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەیەوێت بەشداری مۆندیالی یانەکان بکات

کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەستێرەی هەڵبژاردەی پۆرتوگاڵ و یانەی نەسڕی سعوودی، بیر لەوە دەکاتەوە بەشداری مۆندیالی یانەکانی 2025 بکات، بۆیە دەنگۆیەک هەیە گوایە ئەو یاریزانە ئامادەیە، پەیوەندی بە یەکێک لە یانە بەشداربووەکانی پاڵەوانێتیەکەوە بکات.
لە ماوەی رابردوو دەنگۆیەک بڵاوبووەوە گوایە دۆن ئامادەیە بۆ مۆندیالی یانەکان، پەیوەندی بە یانەی ئینتەر مەیامی ئەمریکاوە بکات و هاوشان لەگەڵ لیۆنێل مێسی، کێبڕکێی لەسەر بەدەستهێنانی ناسناوی مۆندیال بکەن، بەڵام هەر زوو دەنگۆکە رەتکرایەوە.
ماڵپەری Dsportsـی ئیسپانی ئەمڕۆ پشتراستیکردەوە، رۆناڵدۆ دەیەوێت بەشداری مۆندیالی یانەکان بکات، بۆیە پێدەجێت ئەو یانەیەی یاری بۆی بکات، یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی بێت، بەڵام تاوەکو ئەم ساتە یانە ئینگلیزیەکە هیچ کاردانەوەی لەسەر ئەم هەواڵە نەبووە.
https://x.com/DSports/status/1911785916181680262
کریستیانۆ سەرەتای مانگی شەشی ئەمساڵ گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی نەسڕی سعوودی کۆتایی دێت، مۆندیالی یانەکانیش لە سێزدەی هەمان مانگ دەستپێدەکات، واتە دوازدە رۆژ دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستی دۆن لەگەڵ یانە سعوودییەکە، بۆیە لە ئەگەری نوێ نەکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی، ئەو کاتە دەتوانێت پەیوەندی بە مانچێستەر سیتی یاخود هەر یانەیەکی بەشدار بوو لە مۆندیالی یانەکان بکات.
