نووسەری ناوداری جیهانی، ماریۆ ڤارغاس یۆسا کۆچی دوایی کرد
دوێنێ، 14ـی نیسانی 2025، گەورە نووسەری پیرۆیی و ناوداری جیهانی، ماریۆ ڤارغاس یۆسا، لە تەمەنی 89 ساڵیدا لە لیما، کۆچی دوایی کرد.
ڤارغاس یۆسا، بە یەکێک لە گرنگترین نووسەر و بیریارەکانی ئەمەریکای لاتین ناسراوە و ساڵی 2010 خەڵاتی نۆبلی لە ئەدەبدا پێ بەخشرا.
ڤارغاس، لە تەمەنی 15 ساڵییەوە وەک پەیامنێری شەوانەی ڕۆژنامەی (لا کرۆنیکا) لە لیما کاری کردووە، ئەو ڕۆژنامە، زیاتر بایەخی بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی تاوان و لەشفرۆشی دەدا، بە گوێرەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ڤارغاس، لەو تەمەنەدا ناوبانگی پەیدا کرد، چونکە لە وتارەکانیدا بۆچوونی ئازایانە و توندی بەرانبەر بە گەندەڵی و تاوان لە پیرۆ دەنووسی.
لە ڕۆمانی "سەردەمی پاڵەوان" دا کە ساڵی 1963 بڵاو کرایەوە، ڤارغاس یۆسا، وەسفێکی ڕەخنەگرانەی سەبارەت بە ژیانی سەربازیی لە وڵاتەکەیدا کرد، ئەو ڕۆمانەی کاتێک نووسی کە لە ئەکادیمای لیونسیۆ برادۆی سەربازیی لە لیما دەیخوێند، لە ڕۆمانە ناودارەکانی دیکەی ئەو نووسەرە "شار و سەگەل، ماڵە سەوزەکە و بەزمی نێری" یە.
ڕۆماننووس و بیریارێکی پارێزگار
ڤارغاس یۆسا، لە تەمەنی گەنجیدا وازی لە بیروباوەڕی چەپڕەوانە هێنا، بیروباوەڕێک کە دەیان ساڵ، کاریگەریی کردبووە سەر زۆرێک لە نووسەرانی ئەمەریکای لاتین. ئەو ڕێچکەی تایبەتیی خۆی وەک بیریارێکی سیاسی و نووسەرێکی پارێزگار هەڵبژارد و توانی ڕووداوەکانی ژیانی تایبەتیی خۆی بگۆڕێت بۆ نووسین و بە جیهاندا بڵاویان بکاتەوە؛ کتێبەکانی ڤارغاس بۆ نزیکەی 30 زمان وەرگێڕدراون.
ڤارغاس یۆسا، ساڵی 1990 خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار کاندیدا کرد، سەرەتا، لە ڕاپرسییەکدا زۆرینەی دەنگەکانی بەدەست هێنا، بەڵام پاشتر بەرانبەر ئەلبیرتۆ فۆجیمۆری، کە جووتیارێکی بە ڕەگەز ژاپۆنی بوو، دۆڕاندی، سەیر لەوەدا بوو، فۆجیمۆری پاش ماوەیەک هەمان سیاسەتی ڤارغاس یۆسای لە بەڕێوبردنی وڵاتدا پەیڕەو کرد!
ماریۆ ڤارغاس یۆسا، چەندان خەڵاتی ئەدەبی گەورەی پێ بەخشراوە وەک، خەڵاتی تیربانتس، خەڵاتی قودس، ئەندامییەتیی ئەکادیمای فەرەنسی، جگە لە خەڵاتی نۆبل. ساڵی 2003 دۆکتۆرای فەخریی لە لایەن زانستگەی کاسۆلیکی لوێڤن ی بەلجیکاوە پێ بەخشرا.