داواکاریی دروستکردنی خانوو لە زاخۆ هێندە زۆر بووە، وەستا دەست ناکەوێت
خواستی دروستکردنی خانوو لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە شێوەیەک زیادی کردووە، بە زەحمەت وەستا و کرێکار دەست دەکەون.
بەرەکات فەرمان، وەستای دروستکردنی خانوو لە زاخۆ، بە مێهڤان مەجید، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ماوەی 15 ساڵە وەستای دروستکردنی خانووم. ئەمساڵ دروستکردنی خانوو بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیاترە، نزیکەی سێ مانگ خۆم و چوار لەو گەنجانەی لە گەڵم کاردەکەن، بێکار نەماوین و سوپاس بۆ خوا ڕۆژانە کارمان هەیە."
دابەشکردنی مووچە بووەتە هۆی ئەوەی هاووڵاتییان دەست بە دروستکردنی خانوو بکەن و هاوکات فرۆشتنی کەرەستەی بیناسازیش بە ڕێژەی 50% زیاد بووە.
مهاجر زەکی، هاووڵاتییەکی زاخۆییە و سێ مانگە دەستی بە دروستکردنی خانووەکەی کردووە، بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: "ماوەی زیاتر لە دوو مانگ چاوەڕێی وەستایەک بووم بۆ ئەوەی خانووەکەم دروست بکات. کار هێندە زۆر بوو، ناوم لە نۆرەدا بوو. ئەمساڵ بە تایبەت و بە شێوەیەکی گشتیش دوای ئەوەی زاخۆ بووەتە ئیدارەی سەربەخۆ، زیاتر خانوو دروست دەکرێن."
گەیاندنی ئاو، کارەبا و خزمەتگوزاریییەکانی دیکە بۆ گەڕەکە جیاوازەکانی زاخۆ، زیاتر هاووڵاتییانی هان داوە، دەست بە دروستکردنی خانوو بکەن و لاپەڕەیەکی نوێ لە ژیانیادا بکەنەوە.
یونس مەحموود، سەرۆکی شارەوانیی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "دوای ئەوەی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕاگەیەنرا و دەست بە کاروانی ئاوەدانی کرا، هاووڵاتییان بە شێوەیەکی گشتی دەستیان بە دروستکردنی خانوو کردووە. ئێمەش لە سەرۆکایەتیی شارەوانی، هەموو ئاسانکارییەک بۆ ئەو هاووڵاتییانە دەکەین کە داواکاریی بۆ دروستکردنی خانوو پێشکەش دەکەن."
ساڵی ڕابردوو 162 مۆڵەتی دروستکردنی خانوو بە هاووڵاتییانی زاخۆ دراون و ئەمساڵیش تاوەکوو ئێستە، زیاتر لە 36 مۆڵەت دراون. ژمارەکە بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی ڕابردوو، زۆر زیاترە.