كۆرۆنا خواستی بۆ كڕینی ئاژەڵی قوربانی كەمكردووەتەوە
ئەمساڵ نرخی ئاژەڵەكان گۆڕانكاری بەسەردا نەھاتووە
K24 - ھەولێر
چەند رۆژێكە لە ھەرێمی كوردستان ھاووڵاتییان وەک نەریتێکی ئاینی ئامادەکاری بۆ جەژنى قوربان دەكەن، بەشێك لە ھاووڵاتییان سەرقاڵی کڕینی ئاژەڵانن، بەڵام بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە مەیدانی ئاژەڵانی ھەولێر وەک ساڵانی پێشووتر قەرەباڵغ نییە، پڕفرۆشترین ئاژەڵيش ئەمساڵ جوانەگایە کە خواستی زۆری لەسەرە و ژمارەیەكی زۆر لە ھاووڵاتییان دەیکڕن.
بەراورد بە ساڵانی رابردوو مەیدانی فرۆشتنی ئاژەڵان لە ھەولێر بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە سستە و کەمتر ھاووڵاتییان روویان تیکردووە. مەلا ناسر، یەکێکە لە ئاژەڵ فرۆشانی ئەم مەیدانە دەڵێ "تەنھا جیاوازییەکە ئەوەیە کە خەڵک خۆی دەپارێزێت لە ڤایرۆسەکە، بۆیە مەیدانەکە قەرەباڵغ نییە، ئەگینا فرۆشی ئاژەڵ بۆ قوربانی زۆر نەگۆڕاوە لە چاو جەژنەکانی پێشتر".
پشتیوان ئەحمەد، لە مەیدانی ئاژەڵان سەرقاڵی فرۆشتنی ئاژەڵەکانی بوو ئەوەی خستەڕوو، پڕفرۆشترین ئاژەڵ لەم مەیدانە جوانەگاییە کە خواستی زۆری لەسەرە و ھاووڵاتییەکی زۆر دەیکڕن.
جەژنی قوربان لەناو ئەو میللەتانەی موسوڵمانن بەوە ناسراوە قوربانی تێدا دەکرێت ،بۆیە وەک نەریتێکی ئاینی موسوڵمانان لەم جەژنەدا قوربانی دەکەن و خۆیان بۆ قوربانی ئامادەدەکەن. خاوەن ئاژەڵەکانیش 10 بۆ 11 مانگ پێش جەژنی قوربان ئاژەڵەکان ئامادە دەکەن بۆ ئەوەی بۆ قوربانی گونجاوبن.