داهاتووی سووریا، میری قەتەر و سەرۆکی ڕووسیا کۆ دەکاتەوە

میری قەتەر و سەرۆکی ڕووسیا
میری قەتەر و سەرۆکی ڕووسیا

میری قەتەر گەیشتە مۆسکۆ و لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا کۆبووەوە و، هەردوولا پەرەپێدانی پەیوەندییەکان، قەیرانی غەززە و داهاتووی سووریایان تاوتوێ کرد.

پێنجشەممە 17ـی نیسانی 2025، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا لە کۆشکی سەرۆکایەتیی وڵاتەکە "کرێملین" پێشوازیی لە تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر کرد.

بە پێی ڕاگەیەندراوی دیوانی شاهانەی قەتەر، پوتین ستایشی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی کرد و قەتەری بە یەکێک لە هاوبەشە گرنگەکانی ڕووسیا لە ناوچەکە پێناسە کرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، میری قەتەر و سەرۆکی ڕووسیا لەسەر هەماهەنگیی، کاری هاوبەش و پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان گفتوگۆیان کرد.

دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناوچەکە، قەیرانی غەززە، جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس و داهاتووی سووریا تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.

لە لایەکی دیکەوە ئەمڕۆ کۆڕبەندی بازرگانیی ڕووسی- قەتەری لە مۆسکۆ دەستی پێکرد، کۆمەڵێک و بازرگان و بەرپرسانی حکوومی هەردوو وڵات بە ئامانجی بەهێزکردنی هاوکاریی ئابووری و وەبەرهێنان تێیدا بەشدار بوون.

بە پێی زانیارییەکان بەشداربووانی کۆڕبەندەکە باس لە ڕێگەکانی بەرزکردنەوەی هاوکاری دارایی و وەبەرهێنان دەکەن، هەروەها باس لە هاوکاری لە بوارەکانی چاودێری تەندروستی، دەرمانسازی، گەشتیاری، و ژێرخانی شارەکاندا دەکەن.

 
 
Fly Erbil Advertisment