وەزارەتی بازرگانیی هەرێم: هەفتەی داهاتوو ئەپڵیکەیشنی پسوولەی خۆراک دەخرێتە کار

لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە پێنج ملیۆن کەس بەشەخۆراکی مانگانە وەردەگرن و پڕۆسەی بە دیجیتاڵ کردنی پسوولەی خۆراکی مانگانە بەردەوامە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ـی نیسانی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: پڕۆسەی بە دیجیتاڵکردنی پسوولەی خۆراک بەردەوامە و بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا، وەک قۆناغی یەکەم لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە ئەپڵیکەیشنی تایبەت بۆ بریکارەکانی خۆراک دابنرێت و لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تەلیگرامەوە پرۆگرامەکە کارا دەکرێت.
گوتیشی: لە دوای هەڵەبجە، پرۆسەی کاراکردنی پرۆگرامە دیجیتاڵییەکە لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک دەست پێ دەکات، بۆ ئەوەی سەرجەم بریکارەکانی خۆراک و ئەو هاوڵاتییانەی بەشەخۆراکی مانگانە وەردەگرن، زانیاریی لەبارەی بەشە خۆراکی مانگانە و مادە خۆراکییەکان وەربگرن.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم، گرنگی ئەم ئەپڵیکەیشنە لەوەدایە ڕۆتین کەم دەکاتەوە و هەر هاووڵاتییەک بیەوێت ناوی منداڵێکی زیاد بکات، تەنیا لەڕێگەی وێنەی کارتی نیشتیمانییەوە دەتوانیت ژمارەی ئەندامانی خێزانەکەی زیاد بکات، بە پێچەوانەشەوە تەنیا وێنەی تۆماری مردوو دەتوانرێت ناوی ئەندامی کۆچکردووی هەر خێزان بسڕێتەوە.
بە دیجیتاڵکردنی پسوولەی خۆراکی مانگانە، ساڵێک زیاترە لەلایەن وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی عێراق بڕیاری لەسەر دراوە، سەرەتا بڕیاربوو لە هەرێمی کوردستان تەنیا پارێزگای هەولێر بگرێتەوە، بەڵام ئێستا هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
بەگوێرەی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان پێنج ملیۆن و 350هەزار کەس بەشەخۆراکی مانگانە وەردەگرن.