عراقچی: بە گومانەوە بەشداری دانوستانەکان دەکەین
وەزیری دەرەوەی ئێران لە مۆسکۆوە دەڵێت: گومانمان لە نیازی ئەمەریکا هەیە، هەربۆیە بە گومانێکی جیددیەوە بەشداری گەڕی دووەمی دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا دەکەین لە ڕۆما.
ئەمڕۆ هەینی 18ـی نیسانی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانیدا لە مۆسکۆ لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا گوتی: هەرچەندە نیاز و مەرامەکانی ئەمەریکا لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی تاران جێگەی گومانمان، بەڵام ئێمە هەر بەشداری دانوستانەکە دەکەین.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەشی دا، لەسەر بنەمای بەرنامەی ئاشتییانەی ئەتۆمی، تاران ئامادەیە بۆ ڕێککەوتن. ڕاشیگەیاند، ئەگەر ئەمەریکا داواکاریی نابەجێ و نادروستی نەبێت، ئەوە گەیشتن بە ڕێککەوتنەکە ئاسانە.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئامادەیی وڵاتەکەی ڕاگەیاند گوتی: مۆسکۆ ئامادەیە هەر ئەرک ڕۆڵێک وەگرێت، کە بە لای ئێرانەوە دروست بێت و ئەمەریکاش قبووڵی بکات.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا هۆشداریشی دا، هەر لایەنێک بە بابەتی ناپەیوەندی دار، بیەوێت تەگەر دروست بکات و ڕێککەوتن قورس بکات، ئەوە بارودۆخەکە بەرەو ئاقارێکی نادیار و مەترسیدار دەڕوات.
دوێنێ پێنجشەممە 17ـی نیسانی 2025، ئاژانسی ئێرنای ئێرانی بڵاوی کردبووە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی هەینی 18ـی نیسان دەچێتە ڕۆمای پایتەختی ئیتالیا بەمەبەستی ئامادەبوون لە گەڕی دووەمی دانووستان لەگەڵ ئەمەریکا.
ڕۆژی شەممە 12ـی نیسانی 2025، گەڕی یەکەمی دانووستانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا لەسەر پرسی چەکی ئەتۆمی ئێران، لە مەسقەتی پایتەختی عوممان به سهرۆكایهتیی عهباس عراقچی، وهزیری دهرهوهی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوە چوو.