لە سنووری هەولێر 45 پۆند دروست دەکرێن

پۆندی گوندی زەرواو
پۆندی گوندی زەرواو

لە سنووری پارێزگای هەولێر دروستکردنی 45 پۆند لە قۆناغی جێبەجێ کردندایە و ژمارەیەک لەو پۆندانە کارەکانیان کۆتایی هاتووە.
یەکێک لە پۆندەکان، کە کەوتووەتە گوندی زەرواو، لە سنووری ناحیەی دارەشەکرانی سەر بە هەولێر، سەدا 95ـی کارەکانی تەواو کراوە، خەڵکی گوندەکە ئاماژە بەوە دەکەن، دروستکردنی پۆندەکە گرنگییەکی زۆری بۆ کشتوکاڵی ناوچەکەیان دەبێت.
بۆ ئاودانیی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان، جووتیاران و خەڵکی گوندەکەم پەنایان بۆ 20 بیری ئاو بردووە، ژمارەی دانیشتووانی گوندی زەرواو 65 ماڵن، بەمەش هەر سێ ماڵ، بیرێکی ئاویان بۆ تەرخان کراوە.
محەممەد خورشید، موختار و جووتیاری گوندی زەرواو، بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد، ئەو پۆندەی ئێستا لە گوندەکەی ئەوان دروست دەکرێت، فشار لەسەر ئاوی بیرەکان و ئاوی ژێر زەوی کەم دەکاتەوە.
محەممەد ئاماژە بەوە دەکات، 270 دۆنم زەوی لە گوندەکەیان هەیە و خەڵکی گوندەکە زۆرینەیان جووتیارن، دەڵێت: دروستکردنی پۆندەکە دەبێتە زیادبوونی ئاو لە گوندی زەرواو، بەمەش جووتیاران بۆ ئاودانی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان سوودی لێ دەبینن.
لە کۆتایی ساڵی 2023 دەست بە دروستکردنی پۆندی گوندی زەرواو کراوە، ئێستا سەدا 95ـی پرۆژەکە تەواو کراوە، درێژی بەربەستی پۆندەکە 72 مەترە، بەرزییەکەشی 15 مەترە.
ئەندازیاری سەرپەرشتی پرۆژەکە ئاشکرای دەکات، کاری تەکنیکی و جوانکاری کەم بۆ پرۆژەکە ماوە تاوەکو ڕادەست بکرێت.
زانا حوسێن، ئەندازیاری سەرپەرشتی پرۆژەی پۆندی زەرواو دەڵێت: ئێستا سەدا 95ـی کارەکانی پۆندەکە تەواو بووە، سەدا 5ـی کارەکەی ماوە، کاری تەکنیکی و دروستکردنی دەرگای بەربەستی پرۆژەکەیە کە چاوەڕێی دابینکردنی بوودجەی پێویست دەکرێت بۆی، بۆ ئەوەی تەواو بکرێت و ڕادەست بکرێت.
دەڵێت: ئامانجی ئەو پرۆژەیە، پاراوکردنی ئاوی ژێر زەوییە، سەرباری ئاودانی مەڕ و ماڵاتی گوندەکەیە.
پرۆژەی پۆندی گوندی زەرواوی سەر بە ناحیەی دارەشەکران، گوژمەی زیاتر  لە 448 ملیۆن دیناری بۆ خەرج کراوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment