حەکیم: هەڵبژاردنی ئەم جارە یەکلاکەرەوە دەبێت

عەممار حەکیم داوا لە موقتەدا سەدر دەکات بایکۆتی هەڵبژاردن نەکات و دەڵێت: هەڵبژاردنی ئەم جارە یەکلاکەرەوە دەبێت. 

عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانی ڕایگەیاند "گرنگە هەموو هێزەکان و بەتایبەتی موقتەدا سەدر، بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوو بکەن، چونکە ئەمە لە پێناو سەقامگیریی وڵاتدایە."

بە گوتەی سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانی "هەڵبژاردنی ئەم جارە هاوشێوەی هەڵبژاردنی ساڵی 2005 بۆ عێراق یەکلاکەرەوە دەبێت."

عەممار حەکیم، جەختی لەوەش کردەوە، سەرباری ئەو ئاڵۆزی و گۆڕانکارییانەی لە ناوچەکە ڕوو دەدەن، بەڵام عێراق جۆرێک لە سەقامگیریی هەیە، پێویستە بە هەمووانەوە پارێزگاری لەو سەقامگیرییە بکەن.

ڕۆژی 16ـی نیسانی 2025، لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق لە نامەیەکدا داوای لە موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە کرد، بە بڕیاری بەشداریی نەکردنی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بچێتەوە و بایکۆت نەکات. 

لە وەڵامی نامەکەی سەرۆک کۆماردا، موقتەدا سەدر، گوتی: بۆ ئەوە لە هەڵبژاردن دوور نەکەوتمەوە تا هەڵبژاردن دوا بخەم یاخود هەڵیپەسێرم، من لەگەڵ دزانی سەدە و دوژمنانی نیشتمان ناچمە نێو پرۆسەیەکی سیاسی، بەڵکوو وەک سەربازێکی نیشتمان دەمێنمەوە.

ڕۆژی چوارشەممە، 09-04-2025، ئەنجـوومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ، 11-11-2025ـی وەکوو ڕۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دیاری کرد. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش دەستی بە ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنەکە کردووە.