عێراق.. لە سێ مانگدا زیاتر لە سێ هەزار تۆمەتباری ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر کراون

یەکشەممە، 20ـی نیسانی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان، ئاماری تایبەت بە دەستبەسەردا گرتنی ماددە هۆشبەرەکان و دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی چارەکی سێ مانگی یەکەمی ئەم ساڵی بڵاو کردەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ماددە هۆشبەرەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد "لە چارەگی یەکەمی ئەمساڵ، سێ هەزار و 6 تۆمەتبار دەستگیر کراون و 973یان سزا دراون، هەروەها دەست بەسەر 2 تۆن و 166 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری جۆراوجۆردا گیراوە."
ئاماژەی بەوەش کرد، بەشی لێکۆڵینەوەی تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی لەم ماوەیەدا ڕۆڵێکی دیار و بەرچاوی هەبووە لە بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، هەروەها دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی ناوەندیی ڕەسافە، کە تایبەتە بۆ دۆسییە تایبەتەکانی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان، لەو ماوەیەدا دەستی بەسەر یەک تۆن و 538 کیلۆگرام ماددەی جۆراوجۆری هۆشبەردا گرتووە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە، ئاماژەی بەوەش داوە، تاوەکوو ئێستا لە ڕووبەرووبونەوەکاندا، دوو لە تۆمەتباران کوژراون و 13ـی دیکەش بریندار بوون.
بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو، بڕی ئەو ماددە هۆشبەرانەی دەستی بەسەردا گیراوە زیادی کردووە، بەوپێیەی لە ماوەی چارەکی ئەمساڵ، دەست بەسەر زیاتر لە دوو تۆن ماددەی هۆشبەردا گیراوە، لە کاتێکدا، بڕەکە لە ماوەی چارەکی ساڵی ڕابردوو، تەنیا نزیکەی 603 کیلۆگرام بوو.