دۆلار بە نرخی فەرمی بە بازرگانانی کوردستان دەدرێت

کۆمپانیاى کی کارد، ماستەر کاردى تایبەت بە هاوردەکاران دەبەخشێت، ئەمەش بە مەرامی ئەوەى هاوردەکاران بتوانن لە وڵاتانى دیکە، کاڵا بە نرخی فەرمیی دۆلار لە بانکی ناوەندیی عێراق، کە سەد دۆلار بەرانبەر بە 132 هەزار دینارە، هاوردە بکەن. بازرگانان ئەم هەنگاوە بە کارئاسانییەکی زۆر دەزانن و هەندێک گرفت، کە لەگەڵ بانکى ناوەندیی هەیانبوو، کەم دەکاتەوە. 

یەکێتیی هاوردە و هەناردەناردنکارانی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاى کی کارد. پرۆتۆکۆلێکى گرنگ ئیمزا دەکەن، ئەم کۆمپانیایە، حەوت ماستەر کاردى هەیە، پێنجیان بێبەرامبەرە و لەو پێنجەش یەکێکیان  تایبەت کردووە بە هاوردەکاران، کە سەد دۆلار بە نرخى 132 هەزار دینار بۆیان هەژمار دەکات، بە مەرجێک دەبێت بەو پارەیە کاڵا لە وڵاتان هاوردە بکرێت، ماستەر کاردەکەش بێبەرامبەر بە هاوردەکاران دەدرێت، ئەمەش زۆر گرفتیان بۆ چارە دەکات.

لەتیف محێدین، بازرگان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "مامەڵە و ڕۆتین و ڕێکارە یاساییەکان، بۆ ئەوەی بیسەلمێنیت کە تۆ بازرگانیت یان خاوەن کۆمپانیایت، کاتێکی زۆری دەویست، ئەو ڕێکارە یاساییانەش خەڵکی بێ تاقەت کردبوو، چونکە کاتێکی زۆر دوور و درێژی دەخایاند تا بتوانین بانکی ناوەندیی دۆلارمان بە نرخی فەرمیی پێ بفرۆشێت. ئەمە هەنگاوێکی گرنگە و مامەڵەکان کورت دەکاتەوە."

ئەو ماستەر کاردە مانگى جارێک دەتوانرێت بە کار بهێنرێت، سەرەتا 50 ملیۆن دینارە و دواتر بەرز دەبێتەوە بۆ 150ملیۆن دینار، هەر بازرگانێکیش چەند کۆمپانیاى هەبێت دەتوانێت ماستەر کاردى زیاتر وەربگرێت، حەوت مەرجیش دیارى کراوە بۆ وەرگرتنى کارتەکە، گرنترینیان دەبێ بازرگانەکە کۆمپانیاى هەبێت، ئەگەر کارگە یاخود کۆگا و هەرکارێکى دیکەى هەبوو پێویستە گرێبەستەکەى پێ بێت.

موستەفا ڕەحمان، سەرۆکى یەکیتىی هاوردە و هەناردنکاران گوتی: "ئەوە لەئاستی خواستی ئێمە و هاوردەکاراندا نییە، 50 ملیۆن دینار بۆ هاوردەکارانی سەرەتاییە ئەوانەی تازە دەست بەکار دەکەن، ئەوانەی دیکە کە زیاتر خاوەنی کۆمپانیان دەتوانن خۆی و کوڕی یان بۆ نموونە دوو کۆمپانیان، دەتوانن لە پێنج شەش ماستەر کارت سوودمەند بن، بۆ ئەوەی پارەکە زۆرتر بێت و کاڵای زیاتر بەو پارەیە بکڕن.

ئەم هەنگاوە وا دەکات بازرگانان کێبرکێى هاوردەکردنى کاڵاى زیاتر بکەن، ئەوەش وا دەکات نرخى کاڵا لە بازاڕەکان دابەزێت و زووتر بگاتە دەستى هاووڵاتیان.

دەرکردنی کارتی کی کارد، بۆ هاوردەکاران جیا لەوەی ئاسانکاری زۆر بۆ هاوردەکاران دەکات، هاوکات دەتوانێت فاکتەرێکی زۆر باش بێت بۆ برەودان بە کەرتی بانکیی لە هەرێمی کوردستان، بەوەی کە چیتر بۆ هاوردەکردنی کاڵا پێویست بەوە ناکات بازرگانان پارەی کاش لەگەڵ خۆیان ببەن بۆ وڵاتان، یاخود حەواڵەی بکەن.

 

 

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment