وەزیری کشتوکاڵ: لە داهاتوودا دەست بە هەناردەکردنی گۆشتی مریشک دەکرێت بۆ دەرەوە

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئاستی هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و پەلەوەر بۆ وڵاتان فراوانتر دەکەین، هەروەها کۆمپانیایەکی تایبەت بۆ هاوکاریکردنی خاوەن پڕۆژەکان دادەمەزرێنین.
یەکشەممە، 20ـی نیسانی 2025، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: چەندین بەرهەممان هەناردەی وڵاتان کردووە، لە داهاتوودا ئاستی هەناردەکردن بۆ وڵاتان فراوانتر دەکەین، بۆ ئەوەی بتوانین بازاڕێکی باش بۆ بەرهەمە ناوخۆییەکان دروست بکەین.
وەزیری کشتوکاڵ گوتیشی: ئێستا سەرقاڵی دامەزراندنی کۆمپانیایەکی تایبەتین، کە هاوکاری خاوەن پڕۆژە تایبەتەکان دەکات و تێچووی بەرهەمهێنانی گۆشتی مریشک کەم دەکاتەوە.
وەزیری کشتوکاڵ باسی لەوەش کرد، لە داهاتووشدا دەست بە هەناردەکردنی گۆشتی مریشک دەکرێت بۆ دەرەوە، بەڵام ئێستا هەناردەکردنی هێلکە بۆ وڵاتان دەستی پێکردیە.
لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆرترین بەرهەمی ناوخۆیی هەناردەی وڵاتان کرا و هەوڵەکانی حکوومەتیش بۆ فراوانکردنی بەردەوامە.