هەرێمی کوردستان.. ڕێوڕەسمی جەژنی هەستانەوە بەڕێوەچوو

لە دوای 50 ڕۆژ لە ڕۆژووگرتن، کریستیانەکانی شەقڵاوە جەژنی هەستانەوە بەرز ڕادەگرن و سەردانی یەکتر دەکەن، ئەوان دەخوازن ئەو ئاشتی و پێکەوەژیانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە پێویستە پارێزگاری لێ بکرێت و بەردەوام بێت.

چەند هاووڵاتییەکی کریستیان بە کوردستان24ـیان ڕاگەیاند: ڕێوڕەسمی جەژنی هەستانەوە لە کڵێسا بەڕێوەدەچێت و ئێمەش بەشداریی دەکەین و ئەو ڕۆژە بەرز ڕادەگرین، دواتر سەردانی خزموکەس و هاوڕێکانمان دەکەین و پیرۆزبایی جەژنیان لێ دەکەین.

هاوکات ئاماژەیان بەوە دا، جەژنەکە تایبەتمەندییەکی زۆر خۆشی هەیە، ئەویش ئەوەیە 50 ڕۆژ بەڕۆژوو دەبن، دوای ئەم 50 ڕۆژە ئیدی هەر جۆرە خواردنێک بیانەوێت دەیخۆن.

لە قەزای شەقڵاوە کریستیانەکان یەکێکن لە پێکهاتە سەرەکییەکان و بە سەدان ساڵە لەگەڵ موسڵمانەکانی ئەوێ بە ئاشتی دەژین.

لای خۆیەوە ڕزگار فرانس براهیموک، بەرپرسی کاروباری کریستیانەکان، گوتی: پەیامی ئێمە، پەیامی پێکەوەژیان، ئاشتی و خۆشەویستییە، شەقڵاوە لە دێر زەمانەوە ڕێزی لە بنەماکانی پێکەوەژیان و ئاشتی گرتووە.

گوتیشی: ئەو ئاشتی و پێکەوەژیانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، پێویستە پارێزگاری لێ بکرێت و بەردەوام بێت.

جەژنی هەستانەوە (قیامە) بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، ساڵانە کریستیانەکانی هەرێمی کوردستان بە دابونەریت و کولتووری جیاواز، ئەم جەژنە بەرز ڕادەگرن.

 
 
Fly Erbil Advertisment