ئەپیکور: لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ هیچ دڵنیاییەکمان لەبارەی کێشەکان پێ نەدرا

کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان، ڕایگەیاند: کۆمپانیاکانی ئەندام لە کۆمەڵەکە، پێداگرن لەسەر واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی نووسراو، کە ڕێز لە گرێبەستەکانیان بگرێت.

یەکشەممە 20ـی نیسانی 2025، کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ناسراو بە ئەپیکور، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بڵاو کردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوە سێقۆڵییەکەی ئەمڕۆی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی فیدراڵ و کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکور، کۆمپانیاکان گفتوگۆیان لەسەر مەرجەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردە نەوت کرد و پێداگرن لەسەر واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی نووسراو، کە ڕێز لە گرێبەستەکانیان بگرێت.

ئاماژەی بەوەش دا، کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکور جەخت لە جێبەجێکردنی هەمواری یاسای بودجەی فیدراڵ دەکەنەوە، لەوانەش مەودا و شێوازی کاری کۆمپانیای ڕاوێژکاری سەربەخۆ و پێشێلنەکردنی گرێبەستە بەرکارەکانی کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان. هەروەها لەگەڵ بوونی ڕێککەوتنێکی نووسراو، دڵنیایی لە پێدانی پارەی کۆمپانیاکان بدات. 

ئەپیکور ئاشکراشی کرد، بەشێک لە کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکور ڕەشنووسی فرۆشتن و ڕێککەوتنی دەرهێنانی نەوتیان  پێشکەش کردووە و پێشنیازی وردیشیان بۆ مەودای کاری ڕاوێژکاری سەربەخۆ داوەتە حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ.

جەختی لەوەش کردەوە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ هیچ دڵنیاییەکمان لەبارەی کێشەکان پێ نەدرا، هەروەها دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی نووسراویش، ئەپیکور ئامادەیە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە. 

هەر ئەمڕۆ هەردوو شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لە هەولێر لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت کۆبوونەوە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کار و چالاکییەکانی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنی نەوت کرا، هەردوولا پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمیان لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت تاوتوێ کرد. لە بەرانبەردا گوێ لە بیروڕای کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت لەم ڕووەوە گیرا.

دوێنێ شەممە 19ـی نیسانی 2025، کۆبوونەوەی نێوان نوێنەرانی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) کە بڕیار بوو لە بەغدا بکرێت، دوا خرا.

پیشتر حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، لە میانی بەشداریی لە نۆیەمین دیداری سلێمانی، لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان، ڕایگەیاندبوو، دەیانەوێت "بە زووترین کات" نەوتەکە هەناردە بکرێتەوە.

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment