ئەمەریکا پشتیوانیی لە درێژکردنەوەی ئاگربەست دەکات و ڕووسیاش ڕەتی دەکاتەوە

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بە مەرجی هەڵسەنگاندن و گشتگیرکردنی ئاگربەستە کاتییەکەی ڕووسیا، پشتیوانیی لە درێژکردنەوەی دەکەن.

یەکشەممە 20ـی نیسانی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەسەر زاری تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاندوە، ئاگادری ڕاگەیاندنی ئاگربەستی کاتین کە لەلایەن ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا بەهۆی جەژنی هەستانەوە (قیامە) ڕایگەیەندرابوو.

ئاماژەشی داوە،  پشتیوانیی لە درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە دەکەن، بەو مەرجەی گشتگیرتر و فراوانتر بکرێت.

هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن)، ڕایگەیاندبوو، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا هیچ بڕیارێکی لە بارەی درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەستەکە نەداوە، هەروەها ئاگربەستەکە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا کۆتایی دێت.

ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆكرانیا لە وەڵامی ئاگربەستەکەی ڕووسیا گوتی: ئەگەر ڕووسیا بە ڕاستی نیازی وایە جەنگەکە بەبێ مەرج ڕابگرێت، ئەوا ئەوانیش پابەندیی ئاگربەستەکە دەبن.

هاوکات داواشی لە ڕووسیا کرد ماوەی ئاگربەستەکە زیاتر لەو کاتەی دیاریی کراوە درێژ بکاتەوە.

ڕۆژی شه‌ممه‌، 19ـی نیسانی 2025، كۆشكی سه‌رۆكایه‌تیی ڕووسیا (كرێملن) ڕایگه‌یاندبوو، ڤلادیمێر پوتین، سه‌رۆكی ڕووسیا به‌ بۆنه‌ی جەژنی هەستانەوە (قیامە)ـی کریستیانەکان و له‌ كاتژمێر 6:00ـی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ به‌ كاتی ڕووسیا تاوه‌كوو كاتژمێر 12:00ـی شه‌وی یه‌كشه‌ممه‌ له‌سه‌ر دووشه‌ممه‌ ئاگربه‌ستێكی كاتیی له‌گه‌ڵ ئۆكرانیا رادەگەیەنێت.