زیقار.. بێئاوی سامانی ئاژەڵ و کشتوکاڵی لەناوبردووە

بێئاوی لە پارێزگای زیقار پاشەکشەی گەورەی بە کشتوکاڵ کردووە، زەوییەکانی وەکوو جاران بە بەروبوومی جیاواز ناچێنرێن، چونکە جووتیارەکان ئاوی پیویستیان دەست ناکەوێت. بەگوێرەی ئاماری پارێزگاری زیقار، تەنیا لە سنووری ئەو پارێزگایە حەوت هەزار خێزان لەتاو بێئاوی کۆچیان کردووە.

حکوومەتی خۆجێی پارێزگاکەش دەڵێت: بەغدا لە چارەسەرکردنی قەیرانی بێئاوی کەمتەرخەمە، ئەوەی هەیەتی تەنیا بەڵێنی بێکردارە.

ساڵانێکە پارێزگای زیقار رووبەڕووی وشکەساڵییەکی قورس بووەتەوە و بەشێوەیەکی ڕوون کاریگەریی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ داناوە و پاشەکشەی گەورەی پێ کردووە. لەلایەکی دیکەوە وشکەساڵی بووەتە هۆی لەناوچوونی سامانی ئاژەڵیش، کە ئەمە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ئاسایشی خۆراک هەیە.

هاووڵاتیەکی پارێزگاکە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بەهۆی کەمئاویەوە سامانی ئاژەڵ لەناو چووە، ناتوانین کشتوکاڵیش بکەین، تەنانەت ئاژەڵە کێوییەکانی هاوشێوەی مار و گورگەکانیش بەهۆی بێئاویەوە خەریکە لەناو دەچن."

هاووڵاتیەکی دیکە دەڵێت: "بەدەست بێئاویەوە گرفتارین، تەنیا لەم ناوچەیەی ئێمە نزیکەی 25 ماڵ باریان کردووە و ڕۆیشتوون، لێرە 16 ماڵ ماوەتەوە، کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵیش لەناوچوون."

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاڵنگاریانە، حکوومەتی خۆجێی زیقار داوای لە وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق کردووە چارەسەری بەپەلە پێشکەش بکەن لەپێناو ڕزگارکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان، هەروەها لەپێناو دانانی سنوورێک بۆ کۆچی گوندنیشینان. بەگوێرەی ئامارەکان، بێئاوی حەوت هەزار خێزانی ناچار بە کۆچکردن کردووە.

سەلامە سەرهید، یاریدەدەری پارێزگاری زیقار ڕایگەیاند "پرسی کەمئاوی پرسێکە چەندین ساڵە هەیە و کەڵەکە بووە، وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی بەغداش هیچ چارەیەکی بۆ ئەم کێشەیە پێ نییە. نزیکەی حەوت هەزار خێزان کۆچیان کردووە بۆ ناوچەکانی فوراتی ناوەڕاست، چونکە ژیانی ئەوان لەسەر کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییە."

زیقار، لە ڕابردوودا بە زەویە بەپیتەکەی و ئاوە زۆرەکەی ناسرابوو، بەڵام ئەمڕۆ رووبەڕووی دیاردەی بە بیابانبوون بووەتەوە، ئەم دیاردەیە سەرچاوەی ترسە لای خەڵک، هۆی بە بیابانبوونیش کەمیی بەردانەوەی ئاوە بۆ ئەم شارە، وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاویش، ناو بە ناو بەڵێنی چارەکردنی کێشەکە دەدات بەبێ ئەوەی جێ بەجێی بکات.

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment