ریال مەدرید تا ئێستا نەیتوانیوە لەم 8 تیپە بباتەوە
ئارسێناڵ هاتە ریزی ئەو 7 یانەیەی رێگەیان نەداوە ریال مەدرید شكستی پێبێنێت
ئارسێناڵ تاكە یانەیە نییە كە نەیتوانیوە ریال مەدرید شكستی پێ بێنێت، جگە لە یانە لەندەنییەكە، 7 یانەی دیكە هەیە تا ئێستا ریال مەدرید نەیتوانیوە بەرامبەریان ئاهەنگی سەركەوتن بگێرێت.
ریاڵ مەدرید 15 ساڵ لەمەوبەر لە خۆلی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپا لە دوو یاریی چوون و گەڕانەوە نەیتوانی لە ئارسناڵ بباتەوە. ئەمساڵیش مێژوو دووبارە بوویەوە و ئارتێتا دووجار لە كارلۆ ئانچیلۆتی بردەوە.
لیستی ئەم 8 یانەیەی ریال مەدرید نەیتوانی بەرامبەریان براوە بێت
1ـ ئارسێناڵ:
ریاڵ مەدرید لە چوار یاری بەرامبەر بە ئارسناڵ نەیبردووەتەوە. لە یارییەکانی چامپیونزلیگی 2006 لە یاری چوون ئارسێناڵ بە گۆڵی تێری هێنری یارییەکەی بردەوە و لە یاری گەڕانەوەش بێ گۆڵ یەکسان بوون. هەفتەی رابردووش، هەر دوو یاری بە ئەنجامەکانی 3-0 و 1-2 بە ئارسێناڵ دۆڕاند.
2ـ بوکاجۆنیۆرز:
یانەی بۆکاجۆنیۆرزی ئارجێنتینا تەنیا یەک یاری فەرمی بەرامبەر بە ریاڵ مەدرید کردووە، ئەویش لە فیناڵی جامی کیشوەرەکانی سآڵی 2000 کە یانەی بۆکاجۆنیۆرز، یارییەکەی بە ئەنجامی 2-1 بردەوە. مارتین پاڵێرمۆ 2 گۆڵەکەی بۆکاجۆنیۆری تۆمار کرد.
3ـ کۆرنتیانز:
ئەم یانە بەڕازیلییە لە جامی جیهانی یانەکانی 2000 لە قۆناغی کۆمەڵەکاندا بە ئەنجامی 2-2 یارییەکەیان یەکسان بوو کە ئەم ئەنجامە وایکرد یانە بەڕازیلییەکە لە یاری کۆتایی بەرامبەر بە یانەی ڤاسكۆ دی گامۆ یاری بکات.
4ـ نێکاکسا:
یانەیەکی مەکسیکی لە جامی جیهانی یانەکانی 2000 بەرامبەر ریاڵ مەدرید یاری کرد. لە یاری دیاریكردنی پلەی سێیەمدا یارییەکەیان بە یەكسانبوون بە گۆڵێك بۆ هەرلایەكیان تەواو كرد، دواتر نێکاکسا بە لێدانی یەکلاکەرەوە یارییەکەی بردەوە.
5ـ ئەبێردین:
ئەم تیپە سکۆتڵەندییە بە راهێنەرایەتی ئەلێکس فێرگسۆنی گەنج لە یاری کۆتایی جامی ئەوروپای 1983 بە ئەنجامی 2-1 لە کاتی زیادکراوەی یارییەکەدا لە ریاڵ مەدریدی بردەوە. ئەم دوو یانەیە دوای ئەم یارییە هیچکات رووبەڕووی یەکتر نەبوونەوە.
6ـ ئیپسویچ تاون:
یانەیەکی ئینگلیزی کە ئێستا لە پرێمەر لیگ یاری دەکات، لە وەرزی 1974-1973 لە گەڕی یەکەمی جامی یوفا دووجار بەرامبەر ریاڵ مەدرید یاری کرد و نەدۆڕا. لە یاری چوون لە ئینگڵاند ئیپسویچ 1-0 یارییەکەی بردەوە و لە یاری گەڕانەوە لە یاریگای ریاڵ یارییەکەیان بە ئەنجامی 0-0 کۆتایی هات.
7ـ تۆلدو:
یانەیەکی بچووکی ئیسپانی لە ساڵی 2000 بە بردنەوە و لادانی ریاڵ مەدرید لە جامی شای ئیسپانیا ناوبانگێکی باشی بۆ خۆی تۆمار کرد. یانەی تۆلدو بە ئەنجامی 2-1 لە یانەی ریاڵ مەدریدی بردەوە.
8ـ لیل:
ئەم یانە فەرەنسیە دوایین یانەیە کە خۆی هاویشتووەتە ئەم ریزبەندییە. لە چامپیۆنزلیگی ئەمساڵ یانەی لیل لە یاریگای خۆی بە گۆڵی جەنەتان دێڤید و بە لێدانی سزا یارییەکەی لە ریاڵ مەدرید بردەوە.
ئامادەکردن: محەمەد شەهدی