فەرەنسا: ئاگربەستی کاتیی ڕووسیا بۆ ئەوەیە سەرۆکی ئەمەریکا ئارامی لە دەست نەدات

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، ئاگربەستی کاتیی ڕووسیا بەهۆی جەژنی (هەستانەوە) لەلایەن سەرۆکی ڕووسیاوە بۆ هەڵخەڵەتاندنە، بۆ ئەوەیە سەرۆکی ئەمەریکا تووڕە نەبێت.

سێشەممە 22ـی نیسانی 2025، یان نۆیل بارۆت، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەبارەی ئاگربەستی کاتیی ڕووسیا بەهۆی جەژنی (هەستانەوە) گوتی: پێم وایە ئەوەی سەرۆکی ڕووسیا دەیکات بەبازاڕکردنە و هەڵخەڵەتاندنە، بۆئەوەیە دۆناڵد ترەمپ، ئارامیی لە دەست نەدات.

سەبارەت بە لێدوانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا لەم هەفتەیەدا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئاماژەی دا،  ئەو دەکەوێتە سەر بڕیارەکانی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا. 

هەروەها لە بارەی دانوستانەکەی ئۆکرانیا و ڕووسیا لە ڕۆژی چوارشەممە لە لەندەن، بارۆت گوتی: بەرژەوەندییەکانی فەرەنسا و ئاسایشی ئەورووپا گرنگترین بابەتن، بۆیە دەمانەوێت لەگەڵ ئەمەریکا گفتوگۆ لە بارەی ئەو هێڵە سوورانە بکەین، چونکە ئەمەریکا خۆی وەکوو نێوەندگیر داناوە.

دووشەممە 21ـی نیسانی 2025، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاندبوو، چوارشەممەی داهاتوو شاندی وڵاتەکەی بە مەبەستی دانوستاندن لەبارەی ئاگربەست لە ئۆکرانیا دەچێتە لەندەن.

سەرۆکی ئۆکرانیا ئاماژەشی دا، هەر یەکە لە وڵاتانی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەمەریکا بەشداریی دانوستانەکە دەکەن.

 پێنجشەممە 17ـی نیسانی 2025، هەریەک لە ئۆکرانیا و ئەمەریکا و فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا لە پاریس لە بارەی کۆتاییهێنان بە جەنگی سێ ساڵەی ئۆکرانیا، کۆ بوونەوە.