ساڵی ڕابردوو قەبارەی هەناردەی فەرەنسا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، 420 ملیۆن دۆلار بووە

 ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر دەڵێت، ژمارەیەک مەوادی تایبەت لە فەرەنساوە هەناردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت بەتایبەتی جوانکاری و بۆن و کەرەستەی کشتوکاڵی.

کامەران سەڵاح باجگر، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ـی نیسانی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: جووڵەی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان فەرەنسا تاوەکوو ئێستا لە قۆناغێکی دیاریکراودایە و کار لەسەر ئەوە دەکرێت زیاتر پەرەی پێ بدرێت و قەبارەی بازرگانی نێوان هەردوولا لە چوارچێوەی حکوومەتی فیدراڵییە.

کامەران باجگر گوتیشی: قەبارەی هەناردەی فەرەنسا بۆ عێراق ساڵی رابردوو 420ملیۆن دۆلار بووە کە خۆراک و کەرەستەی کشتوکاڵی و جوانکاری و بۆن لە فەرەنساوە هەناردەی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێت.

باسی لەوەش کرد، لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەک بازرگان بۆنی فەرەنسی دەهێنن و بریکاری تایبەتییان هەیە و لەگەڵ چەند مەوادێکی دیکە بەتایبەتی لە بواری جوانکاریدا.

پێشووتریش، یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو "نزیکەی 30 کۆمپانیای فەرەنسیمان هەیە کار لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن،  هەندێکیان بەرهەمە فەرەنسییەکان دێننە هەرێمی کوردستان، لەوانەش، ئۆتۆمبێل و جلوبەرگ و  بابەتی جوانکاریی ئافرەتان، هاوکات کۆمپانیامان هەیە لە بواری پیشەسازیدا کار دەکەن، هەشیانە لەبواری کشتوکاڵدا کار دەکەن." دەشڵێت: دەمانەوێت کار بۆ پەرەپێدانی گوندەکانی کوردستان بکەین لەڕووی کشتوکاڵییەوە، ئەمە پرۆژەیە و کاری لەسەر دەکەین.

هەر دەربارەی جووڵەی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا، نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە فەرەنسا، عەلى دۆڵەمەری، ئاماژەی بەوە کردووە، لە فەرەنسا ساڵانە پێشەنگایەک بەڕێوە دەچێت، کە پێشانگای ساڵانەی کشتووکاڵییە و لە نێوان هەشت بۆ ١٠ ملیۆن کەس سەردانی ئەو پێشەنگایە دەکەن و ئەو بەروبوومانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت بۆ دەرەوەی وڵات هەناردەی بکات دەمانەوێت بازاڕیان بۆ بدۆزینەوە، لەو پیشانگەیەدا دەخرێنە ڕوو. چونکە دۆزینەوەی بازاڕ لە وڵاتە ئەوروپییەکان کەمێک زەحمەتترە لە بازاڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونکە خەڵکی ئەورووپا شارەزای بەروبوومە کشتوکاڵییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نین.

 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment