دیمه‌شق "ئیدانه‌"ی رێككه‌وتنی نه‌وتیی هه‌سه‌ده‌ و كۆمپانیایه‌كی ئه‌مه‌ریكایی كرد

ئه‌و رێككه‌وتنه‌ به‌ پووچه‌ڵ و بێ نرخ ده‌بینێت

K24 – هه‌ولێر:

حكومه‌تی سووریا، "به‌ توندی" ئیدانه‌ی رێككه‌وتنی نێوان هێزه‌كانی سووریای دیموكرات(هه‌سه‌ده‌) و كۆمپانیایه‌كی نه‌وتی ئه‌مه‌ریكایی كرد. دیمه‌شق ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی به‌ "هه‌وڵێك بۆ دزینی نه‌وتی سووریا به‌ پشتیوانی و چاودێری ئه‌مه‌ریكا" وه‌سفكرد.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سووریا، رایگه‌یاند، "ئێمه‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ به‌ دزینی نه‌وتی وڵاته‌كه‌مان هه‌ژمار ده‌كه‌ین و رێككه‌وتنه‌كه‌ ته‌نیا ئه‌وه‌ ده‌گرێته‌خۆی كه‌، له‌ نێوان دز و دزی كڕیاردا واژوو كراوه‌".

به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سووریا راشیگه‌یاند، "ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ده‌ستدرێژیكردنه‌ بۆ سه‌ر سه‌روه‌ری سووریا و به‌رده‌وامیدانه‌ به‌ رێبازی دوژمنایه‌تی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌مبه‌ر سوریا و هه‌وڵێكه‌ بۆ دزینی سامانی گه‌لی سووریا و درووستكردنی ئاسته‌نگ له‌ به‌رده‌م بنیاتنانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی سووریا و هه‌موو ئه‌و وێرانكارییه‌ی كه‌ زۆربه‌ی به‌ پشتیوانی ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا تیرۆر له‌ وڵاتدا ئه‌نجامیداوه‌".

سه‌رچاوه‌كه‌، دووپاتیكرده‌وه‌، دیمه‌شق ئه‌و رێككه‌وتنه‌ به‌ پووچه‌ڵ و بێ نرخ ده‌بینێت و هیچ كاریگه‌ری و شوێنه‌وارێكی یاسایی لێ ناكه‌وێته‌وه‌.

هه‌روه‌ها گوتی: "ئه‌و كرده‌وه‌ دزێوانه‌ به‌شێكه‌ له‌ رێبازی میلیشیای به‌كرێگیراو، كه‌ بووه‌ته‌ بووكه‌ڵه‌یه‌كی هه‌رزان به‌ ده‌ست داگیركاری ئه‌مه‌ریكا".

سه‌رچاوه‌كه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، "سووریاییه‌كان ده‌توانن پارێزگاری له‌ سامان و یه‌كپارچه‌یی خاكه‌كه‌یان و گه‌له‌كه‌یان بكه‌ن".