بوومەلەرزە نرخی تیکتی فڕۆکەی ئیستانبوڵ – ئەنقەرەی 10 هێندە گرانتر کردووە

بوومەلەرزە بەهێزەکەی ئیستانبوڵ، نرخی تیکتی فڕۆکەی نێوان ئیستانبوڵ وئەنقەرەی 10 بەرانبەر گرانتر کردووە.
موراد ئاکنجی، پەیامنێری کوردستان24 لە ئیستانبوڵ ڕایگەیاند "نزیکەی 200 پاشلەرزە لە دوای بوومەلەرزە بەهێزەکەی دوێنێ چوارشەممە، ڕوویان داوە، کە بەهێزی هەشتیان، لە چوار پلەی ڕێختەر زیاتر بووە."
بە گوتەی پەیامنێری کوردستان24، بەهۆی بوومەلەرزەکە، لە ئیستانبوڵ و سێ شاری دیکەی تورکیا کە هاووڵاتییانیان هەستیان بە بوومەلەرزە کردبوو، پشووی فەرمی ڕاگەیەنراوە. ئاماژەی بەوەش کرد، لە ترسی دووبارە ڕوودانی بوومەلەرزە، شەوی ڕابردوو، 24-04-2025، بەشێکی زۆری هاووڵاتییانی ئیستانبوڵ لە نێو پارک و مزگەوتەکان خەوتوون و نەگەڕاونەتەوە ماڵەکانیان.
پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوەش کرد، لە ترسی دووبارە ڕوودانی بوومەلەرزە، بەشێکی زۆری هاووڵاتییانی ئیستانبوڵ چوونەتە لای خزم و کەسوکاریان لە شارەکانی دیکەی تورکیا. ئەمەش نرخی تیکتی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان ئیستانبوڵ و ئەنقەرەی، لە 30 دۆلار، بۆ 300 دۆلار بەرز کردووەتەوە.
نزیکەی کاتژمێر 01:00ـی دوانیوەڕۆی چوارشەممە، 24-04-2025، چوار بوومەلەرزەی بەهێز سنووری پارێزگای ئیستانبووڵیان هەژاند، کە بەهێزترینیان گوڕەکەی 6.2 پلەی ڕێختەر بوو. هەر چوار بوومەلەرزەکەش بە قوڵایی جیاواز لە دەریای مەڕمەڕە تۆمار کران.
پارێزگاری ئیستانبوول، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، 151 هاووڵاتی بەهۆی شڵەژان و خۆهەڵدانە خوارەوە لە کاتی بوومەلەرزەکەدا، بریندار بوون، بەڵام مەترسیی لەسەر ژیانیان نییە.