مافی کرێکار و زیانەکانی دروستکردنی دووبەرەکی لەنێو هاووڵاتییان، ناونیشانی ئەمڕۆی گوتاری مامۆستایانی ئایینیە

مامۆستایانی ئایینی ئەمڕۆ لە گوتارەکانیان جەخت لە ئەرک و مافی کرێکاران دەکەنەوە و گرنگی کارکردن لە ڕوانگەی ئایینی ئیسلامەوە دەخەنەڕوو. 

بەشیر حەداد، سەرۆکی بۆردی گوتاری هەینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی، 25ـی نیسانی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: دوو ناونیشان بە مامۆستایانی ئایینی دراون بۆ ئەوەی ئەمڕۆ لەکاتی گوتارەکانیان بۆ نوێژخوێنان باس بکەن، ناونیشانی یەکەم دەربارەی قسە و گوتاری هاووڵاتییانە و بڵاوکردنەوەی بەشێوەیەکی خراپ، واتە زمانی زبر و دروستکردنی دووبەرەکی و ناکۆکی لەنێوان خەڵکی دا.

بەشیر حەداد گوتیشی: ناونیشانی دووەم دەربارەی ئەرک و مافی کرێکاران لە ڕوانگەی ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە، کە هەموو ساڵێک یەکی ئایار وەک ڕۆژی جیهانی کرێکاران دیاریکراوە.

لە هەرێمی کوردستان شەش هەزار و 150 مزگەوت هەیە و چەند ساڵێکە وەزارەتی ئەوقاف لە ڕێگەی بۆردی تایبەت بە گوتاری هەینی، گوتاری مامۆستایانی ئایینی ڕێکخستۆتەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment