بەرهەمی کارەبای هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەشت هەزار مێگاواتە

کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ئێستا بەرهەمی کارەبای هەرێم هەشت هەزار و 189 مێگاواتە و لە سەرەتای ساڵی داهاتووش زیاتر لە هەزار مێگاوات بۆ تۆڕی کارەبای نیشتمانی زیاد دەبێت، کە خزمەتی کەرتی کارەبای عێراق و هەرێم دەکات.
یەکشەممە 27ی نیسانی 2025، لە ڕێوڕەسمی ئیمزای گرێبەستی نێوان کۆمپانیای تۆرۆس و کۆمپانیای جی ئی ئەمەریکی، وەزیری کارەبا گوتی: زۆرجاران گلە و گازندە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەرکرێت، کە لە 33 ساڵی ڕابروودا نەیتوانیوە گرفتی کەمیی کارەبایی چارە بکات؛ تاوەکوو 2005، لە هەرێمی کوردستان تەنیا دوو وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای کەهرۆئاوی هەبوون، ئەویش دوکان و دەربەندیخان بوون لە باشترین دۆخدا تاوەکوو 200 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنرا، بەڵام ئێستا لە هەرێمی کوردستان 8189 مێگاوات کارەبامان لە کوردستان هەیە، لەو بڕەدا کۆمپانیای جی ئی ئەمەریکی 5250 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، کە دەکاتە %64ی کۆی گشتیی بەرهەمی ژێرخانی کارەبای هەرێم.
گوتیشی: هاوکارییەکانی کۆمپانیای جی ئی ئەمەریکی پشتیوانییەکی گەورەیە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی ژێرخانی کارەبای هەرێم بە تەواوی بنیادبنرێتەوە.
کەمال محەممەد ڕاشیگەیاند، گرفتی سەرەکیی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، کێشەی کەمیی سووتەمەنییە، کە تاوەکوو 2005 هیچ بڕێکی غازی شل نەبوو بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، بەڵام ئێستا توانای هەرێمی کوردستان لە غازی شل بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، ئێستا زیاتر لە 650 ملیۆن پێی مەتر سێجا یە.
هەروەها ئاماژەی دا، ئێستا پرۆژەیەکی دیکە لە کۆرمۆر بۆ زیاترکردنی بەرهەمهێنانی 250 مەقمقی دیکە غاز لە جێبەجێ کردندایە و ئومێدە دەکەین لە چارەگی یەکەمی ساڵی 2026 بکەوێتە خزمەتی تۆڕی کارەبای نیشتمانی و زیاتر لە هەزار و 200 مێگاوات دیکەی کارەبا بۆ تۆڕی نیشتمانی زیاد دەبێت، کە خزمەتی تۆڕی کارەبای عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات.