ئەمساڵ 26 هەزار رێستۆرانت لە ئەمەریکا داخراون

کۆرۆنا زیانی 240 ملیار دۆلار لە رێستۆرانتەکانی ئەمەریکا دەدات

K24 - هەولێر

کۆرۆنا زیانێکی ئابووریی بێشووماری لە رێستۆرانتەکانی ئەمەریکا داوە، بەجۆرێک لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا دەیان هەزار رێستۆرانت داخراون.

بەگوێرەی ئامارەكانی كۆمەڵەی نیشتمانی رێستۆرانتەكان لە ئەمریكا: رێستۆرانتەكان بەھۆی لێكەوتەكانی كۆرۆنا رووبەڕووی زیانی گەورە بوونەتەوە و لە سەرەتای ئەمساڵەوە 26 ھەزار رێستۆرانت لە وڵاتەكە داخراون، کە پێشبینیدەكرێت قەبارەی ئەو زیانانە تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ بگاتە 240 ملیار دۆلار.

رێستۆرانتەكان بە دووەم كەرتی تایبەت دادەنرێن لە رووی دامەزراندنەوە لە ئەمەریكا، کە داخستنی ئەو ژمارە زۆرەی رێستۆرانتانەش بووەتە هۆی بێکاربوونی دەیان هەزار کەس.

كۆمەڵەكە ئاماژەی بەوەش داوە، رێستۆرانتەکان یەکەم كەرت بوون لە ئەمەریكا كە بەھۆی كۆرۆنا دەرگاكانیان دابخەن، لەو بڕوایەشدان دوایین كەرت دەبن روو لە بووژانەوە بكەن، بووژانەوەشیان پەیوەستە بە بووژانەوەی كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی و ھۆتێلەكان.

 

هـ.ر.

Fly Erbil Advertisment