حاجیانی هەرێمی کوردستان ئەمساڵ سێ جۆری ڤاکسین وەردەگرن

ئامادەکارییەکانی پڕۆسەی حەجی ئەمساڵ بەرەو تەواوبوونە و ئەو هاووڵاتییانەی ناویان گەڕاوەتەوە ئێستا ڤاکسین وەردەگرن و گوتەبیژی حەج و عومرەش دەڵێت: ئەمساڵ سێ جۆری ڤاکسین وەردەگرن.

کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە 27ـی نیسانی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: پڕۆسەی وەرگرتنی ڤاکسین بۆ ئەو هاووڵاتییانەی ناویان گەڕاوەتەوە بۆ حەجی ئەمساڵ بەردەوامە و  لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان زیاتر لە  پێنج هەزار کەس ڤاکسین وەردەگرن.

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان گوتیشی: مەرجە هەموو ئەو هاووڵاتییانە پڕۆسەی حەج بەجێ دەگەیەنن ڤاکسین وەربگرن، سێ جۆری ڤاکسین وەردەگرن و  سوودیان  بۆ بەرگری لەش، هەوکردنی مێشک ، نەخۆشییە گوازراوەکان بەتایبەتی نەخۆشییە وەرزییەکان دەبێت.

باسی لەوەش کرد، لە چەند ساڵی ڕابردوو، هاووڵاتییان تەنیا یەک یان دوو ڤاکسینیان وەردەگرت، بەڵام ئەمساڵ بۆ سێ ڤاکسینمان وەردەگرن، ئەمەش بۆ سەلامەتیی زیاتری حاجیانی هەرێمی کوردستان و تەواوی ڤاکسینەکان بەخۆرایی و بێ بەرانبەرنن.

گوتەبێژی حەج و عومرە ئاماژە بەوەش دەکات: ئەمساڵ 10 هاووڵاتیی کە ناویان گەڕابووە بۆ پڕۆسەی حەج، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە لێژنەی تەندروستیی دەرنەچوون ناتوانن بەشداری بکەن و ئەندامانی دیکەی خانەوادەیان لە شوێنیان پڕۆسەکە بەجێ دەگەینن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کاروان ستوونی، لە 10ـی ئایار تاوەکوو 20ـی ئایار یەکەم کاروانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بۆ بەجێ هینانی فەریزەی حەج سەردانی سعودیە دەکەن.

بۆ حەجی 2025 حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕی چوار ملیار و 200 ملیۆن دینار پاڵپشتی پرۆسەکەی کردووە و، تێچووی حه‌جی ئەمساڵ بۆ گه‌شتی ئاسمانیی حه‌وت ملیۆن دیناری عیراقی و بۆ گه‌شتی وشكانیش پێنج ملیۆن و 500 هه‌زار دینار ده‌بێت.

ئەم ساڵ، پێنج هەزار و 120 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە گەشتی سعوودییە دەکەن بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج.
 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment