پچڕانی تەزووی کارەبا، ژیانی لە ئیسپانیا و پورتوگال ڕاگرت
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، 28ـی نیسان 2025، لە ناکاو کارەبای بەشێکی زۆری پورتوگال، ئسپانیا و بەشێک لە فەرەنسا بچڕا.
دەستەی گشتیی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئیسپانیا (RTRYE) ڕایگەیاند، کارەبای بەشێکی زۆری شار و ناوچەکانی پورتوگال و ئیسپانیا، بەهۆیەکی نادیار بچڕا و بەمەش زۆربەی دامەزراوە گشتییەکانی ئەو دوو وڵاتە، وەک تۆڕی هاتوچۆی میترۆ، دەزگاکانی ڕاگەیاندن، وێستگەکانی سووتەمەنی و دەزگاکانی ئەی تی ئێم و زۆر شوێنی دیکە پەکیان کەوتووە. جگە لەوەش تۆڕەکانی تەلەفۆن لەکار کەوتوون.
کۆمپانیای بەرهەمهێنانی کارەبای ئیسپانیا "ڕید ئەلەکتریکا" ڕایگەیاند، تا ئێستا نازانن هۆی بچڕانەکە چییە بەڵام ئەو پەڕی هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ ئەوەی گرفتەکە چارە بکەن.
دوو کاتژمێر دواتر، کۆمپانیای "ڕید ئەلەکتریکا" ڕایگەیاند، لە هەوڵی گەڕاندنەوەی تەزووی کارەبادان. هەرچەند (ئاژانسی دەنگوباسی نیشتمانیی پورتوگال (لوسا) لە زاری بەرپرسیکی حکوومەتی پورتوگالەوە بڵاوی کردووەتەوە، "وادیارە کێشەکە لە دەرەوەی پورتوگالە، لەوانەیە لە ئیسپانیا بێت."
کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای پورتوگال "ئی-ڕیدیس" ڕایگەیاند " هۆی بچڕانی تەزووی کارەبا دەگەڕێتەوە بۆ کێشەیەک لە سیستەمی کارەبای ئەورووپا، هەرچەند نازانرێت ئەوە بۆ ڕووی داوە؟"
