وادەی بەڕێکەوتنی یەکەم کاروانی حاجییان بۆ سعوودیە دیاریی کرا

بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت: هەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ حەجی ئەمساڵ و 16ـی ئایار یەکەم کاروانی حاجییان، لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەو سعوودیە بە ڕێ دەکەوێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی نیسانی 2025، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "هەموو ئامادەکارییەکمان بۆ پێشوازیی لە وەرزی حەجی ئەمساڵ کردووە و هەوڵ دەدەین باشترین خزمەت پێشکەش بە حاجیانی کوردستان بکەن."

ئاماژەی بەوەش کردووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام پاڵپشتی پرۆسەی حەج و عومرەیە لە هەرێمی کوردستان و بۆ ئەمساڵیش مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی ڕاسپارد کە  بڕی چوار ملیار و دووسەد ملیۆن دینار پاڵپشتیی پرۆسەی حەج بکرێت تاوەکوو تێچووی حەج لەسەر هاووڵاتیان کەم بکرێتەوە. 

شێخ نیاز راغب نەقشبەندی، باسی لەوەش کردووە، 16ـی ئایاری 2025، یەکەم کاروانی حاجییانی کوردستان بەرەو سعوودیە بەرێ دەکەون.

ڕۆژانی 16 و 17ـی ئایار هەزار و 645 حاجی بەڕێگایی وشکانی بەڕێ دەکەون و 19ـی ئایاری 2025، سێ هەزار و 491 حاجی، لە هەردوو فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانییەوە بەڕێ دەکەون .

بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە گەشتی وشکانی ڕایگەیاند: حاجیانی پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین و گەرمیان، ڕۆژی 16ـی ئایاری 2025، بەڕێ دەکەون و حاجیانی پارێزگای هەولێر و پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زاخۆ، لە رۆژی 17ـی ئایاری 2025، بەرەو عەرەبستانی سعوودیە بەڕێ دەکەون.

 ئەوانەش کە بە فڕۆکەش دەچنە حەج، ڕۆژی  19ـی ئایاری 2025، گەشتەکانیان دەست پێ دەکات تاوەکوو 28ـی ئایاری 2025، بەردەوام دەبێت.

 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment