حەج و عومرەی کوردستان: بانکی ناوەندی ڕەزامەندی داوە دۆلار بە نرخی فەرمی بە حاجییانی کوردستان بدات

بانکی ناوەندی عێراقی ڕەزامەندی دەربڕی لەوەی هاوشێوەی حاجییانی عێراق دۆلار بەنرخی فەرمی بە حاجییانی هەرێمی کوردستان بفرۆشێت و 16ـی ئەم مانگە یەکەم کاروانی حاجییان لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەو سعوودیە بەڕێدەکەون.

کاروان ستوونی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی 2ـی ئایاری 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: دوای قسەکردن لەگەڵ بانکی ناوەندی بە فەرمی ڕەزامەندییان دەربڕی لەوەی حاجییانی هەرێمی کوردستان دۆلار بە نرخی فەرمی بە حاجییانی هەرێمی کوردستان بدات.

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان گوتیشی: ساڵانی ڕابردوو بانکی ناوەندی عێراقی دۆلاری بەنرخی فەرمی بە حاجییانی عێراق دەفرۆشت، بەڵام حاجییانی هەرێمی کوردستان بێبەش بوون لەم بڕیارە.

کاروان ستوونی ئاماژەی بەوەش کرد، لە ڕۆژی یەکشەممەوە زانیاری لەبارەی ئەو بانکانەی حاجیانی هەرێمی کوردستان دەتوانن دۆلار بە نرخی فەرمی بکڕن بڵاودەکەینەوە.

ئەم لێدوانەی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە، هەر دوێنێ پێنجشەممە بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت " بانکی ناوەندی بە نووسراوی فەرمی ڕایگەیاندووە دۆلار بە نرخی فەرمی بە حاجییان دەفرۆشن، بەڵام ئەمە حاجیانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، بەڵام هەماهەنگی دەکەین لەوەی حاجییانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵ سوودمەندبن لەو بڕیارە"

بانکی ناوەندی 100دۆلار ئەمەریکی بە 132 هەزار دیناری عێراقی بە حاجییان دەدات و ئەمە جگەلەوەی بانکی ناوەندی عێراقی ڕایگەیاند: پێنج هەزار دۆلار بە نرخی فەرمی دەداتە هەر هاووڵاتییەک  کە بیەوێت گەشتی دەرەوەی عێراق بکات.

16ـی ئەم مانگە هەزار و 645حاجی بەڕێگایی وشکانی و 19ـی ئەم مانگەش سێ هەزار و 491 حاجی   لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج بەرەو سعوودیە بەڕێدەکەون.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment