وەزارەتی تەندروستی ژمارەیەک ڕێنمایی بۆ خۆپاراستن لە تای خوێنبەربوون دەردەکات

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی تای خوێنەبەربوون، چەند ڕێنماییەکی دەرکرد و، قەسابەکانیش ئاگادار دەکاتەوە.
دوای ئەوەی یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون، لە هەرێمی کوردستان تۆمار کرا، وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی 2ـی ئایاری 2025، بە مەبەستی خۆپاراستن لە نەخۆشییەکە ژمارەیەک ڕێنمایی دەرکرد.
لە ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە:
1- سەربڕینی ئاژەڵ پێویستە لەناو ئەو سەربڕنخانانەدا بێت کە ڕێگەپێدراون و پزیشکی ڤێنتەرنەری سەرپەرشتیی دەکات.
2- لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵ و کەوڵکردن یان پارچەپارچەکردنی گۆشتەکەیان، جلوبەرگی خۆپارێزی وەک: دەستکێش، جزمە، بەرگی تایبەت، ماسکی دەموچاو بەکار بهێنرێن.
3- نابێت خێزان یان خەڵک لە چواردەوری قەساب کۆببنەوە و هاوکاریی بکەن.
4- بەبێ دەستکێش دەست لە کەلاش مەدەن، دوای پۆشینی دەستکێش و کەلوپەلی خۆپارێزی، گۆشتەکە پارچەپارچە بکەن و پاشان دەست بە باشی بشۆردرێ.
5- لابردنی پاشماوەی ئاژەڵە سەربڕاوەکان و دانانی کیسی داخراو و فڕێدانی بۆ شوێنی تایبەت.
6- بەکارهێنانی چەقۆ و تەختەی پارچەپارچەکردنی تایبەت بە گۆشت، هەروەها پاکژکردنەوەی تەختە و چەقۆکان دوای بەکارهێنان.
7- پاککردنەوەی ئەو شوێنەی ئاژەڵەکەی لێ سەر دەبڕدرێت، بە تایبەت ئەو شوێنانەی خوێنی لێیە بە ماددەی کلۆرین پاک بکرێنەوە.
8- باشتر وايە گۆشت دواى سەربڕينى ئاژەڵ بۆ ماوەى 24 كاتژمێر لە پلەى (4-8) پلەى سەدى هەڵبگيرێت، پاشان بەكار بهێنرێت. بەڵام گۆشتی کوڵاو هیچ کێشەی نییە و نابێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون.
9- ئەگەر ئاژەڵ گەنە يان مێرووى ترى هەبوو باشتر وايە سەر نەبڕدرێت.
هەروەها یەکشەممەی ڕابردووش، 27ـی نیسانی 2025، پارێزگای هەولێر، لە پێناو بەرگرتن و خۆپارێزیى لە نەخۆشى تای خوێنبهربوون و سەلامەتى گیانى هاووڵاتییان، چەند بڕیارێکی دەرکردبوو.