ئەڵمانیا.. کەسێک بە ئۆتۆمبێل بە نێو خەڵکی کەوت و قوربانی هەیە

لە شتوتگارتی باشووری ئەڵمانیا، کەسێک بە ئۆتۆمبێلەکەی بە نێو خەڵک کەوتووە و بە گوێرەی زانیارییەکانی پۆلیس و فریاگوازیی خێرا ژمارەیەک کەس برینداربوون، هەندێکیان برینەکانیان قورسە.

ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی فەرمی ئەڵـمانیا دیمەنی دوای ڕووداوەکەی بڵاوکردووەتەوە، کە ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 2ی ئایاری 2025، شۆفێرێک بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری مێرسدیس جی کڵاس بە نێو خەڵک کەوتووە و ژمارەیەک کەسی شێلاوە و چەند بریندارێک هەن.

هەروەها پۆلیسی ئەڵمانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاندووە، ئۆتۆمبێلێک لە ناوچەیە ئۆلگایک لە ناوەندی شتوتگارت خۆی کێشاوە بە ئاپۆڕایەکی جەماوەری و چەند کەسێکی بریندارکردووە، بێ ئەوەی زانیاریی زیاتر ئاشکرا بکات.

هەر لە بارەی ڕووداوەکەوە، سەنتەری فریاگوزاریی خێرا ڕایگەیاندووە، بەشێک لەو بریندارانەی ڕووداوەکە گەیەندراونەتە نەخۆشخانە، بەڵام بەشێکیان برینەکانیان سەختە و ژیانیان لە مەترسیدایە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ڕووداوەکە کاتژمێر 5:50 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ لە دەروازەی میترۆی ناوچەی ئۆلگایک بووە، شوفێرەکە بە ئۆتۆمبێلەکەی بە نێو ڕێبوارانی دەروازەی میترۆ و شەقامەکە کەوتووە.

هەندێک لە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە ئافرەتە، بەڵام بە فەرمی هیچ زانیارییەک لە بارەی ناسنامەی شوفێرەکە بڵاو نەکراوەتەوە و پۆلیسی بەڵگە و تاوان، وێڕای داخستنی دەروازەی مترۆ، ناوچەکەشی دەورداوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.