هەفتەیەکە وەزارەتی دارایی بۆ دابەشکردنی مووچە چاوەڕێی تەمویلە

لە هەفتەی ڕابردووەوە شاندی دارایی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە گەڕاوەتەوە هەولێر و وەزارەتی دارایی عێراق دڵنیاییداوە لەوەی هیچ کەموکوڕییەک لە لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نییە بۆ مانگی نیسان، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ بەشە تەمویلێک بۆ لقی بانکی ناوەندی نەنێردراوە.

هۆشمەند سادق پەیامنێری کوردستان24 بە دواداچوونی بۆ پرسی مووچەی مانگی چوار کردووە و بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەستی کەوتووە، شاندی دارایی هەرێمی کوردستان هەفتەی ڕابردوو لە بەغدا بوون و لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق دڵنیا کراونەتەوە، کە لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم هیچ کەموکوڕییەکی نییە، هەربۆیە شاندەکە گەڕاوەتەوە هەولێر.

هەر بە گوێرەی زانیارییەکان، ئێستا وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی وەزارەتی دارایی عێراقە بۆ ئەوەی تەمویلی لقی بانکی ناوەندی لە هەرێم بکات و دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێت.

هەروەها دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 بەغدا، بە دواداچوونی بۆ هۆکاری دواکەوتنی تەمویلی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پەیوەندیی بە وەزارەتی دارایی عێراقەوە کردووە، لەسەرچاوەیەکی وەزارەتەکە زانیویەتی، گوایە وەزارەتی دارایی عێراق پاساوی نەناردنی تەمویلی گەڕاندووەتەوە بۆ نەبوونی سوویلە.

ئەم پاساوەی وەزارەتی دارایی عێراق لە کاتێکدایە، لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردووەوە مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی عێراق دابەشکردووە بێ ئەوەی هیچ گرفتێکی سوویلە هەبێت.

 
Fly Erbil Advertisment