نێرگەلە و چەند دەرمانێکی قەدەغەکراو لەناو ڕێنماییەکانی دەستەی حەج و عومرەی عێراقە

یەکشەممە، 4ـی ئایاری 2025، دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق داوای لەو هاووڵاتییانە کرد کە فەریزەی حەج جێبەجێ دەکەن و دەچنە شوێنە پیرۆزەکان، دووربکەونەوە لە هەر شتێک کە دەبێتە هۆی پشێوی و تێکدانی پرۆسەکە.

دەستەی حەج و عومرەی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، "حەجکردن فەریزەیەکی گەورەی ئایینییە کە موسڵمانانی سەرتاسەری جیهان کۆدەکاتەوە، هەروەها دەبێت بە ڕێزەوە مامەڵەی تێدا بکرێت."

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، "پێویستە هاووڵاتیانی کە گەشت دەکەن بۆ شوێنە پیرۆزەکان، خۆیان لە وتنەوەی دروشم یان بەرزکردنەوەی دروشمی سیاسی یان مەزهەبی بەدوور بگرن، هەروەها دووربکەونەوە لە لەبەرکردنی جلوبەرگ یان بەرزکردنەوەی وێنە و ئاڵا، یان ئەو هێمایانەی واتای سیاسی یان مەزهەبی هەڵدەگرن."

دەستەی حەج و عومرە ڕاشیگەیاندووە، "پێویستە وێنەی کەسایەتی و ئایینی و سیاسیەکان لە مزگەوتی حەرام و مزگەوتی پێغەمبەر هەڵنەگیرێت، هەروەها دوورکەوتنەوە لە بڵاوکردنەوەی پۆستی نایاسایی لە سۆشیال میدیا، هەروەها نەقۆستنەوەی ڕێوڕەسمەکان بۆ بڵاوکردنەوەی بیرۆکەی سیاسی یان ئیستفزازی"، هۆشدارییشی دایە گەشتیاران کەرەستەی قەدەغەکراو لەکاتی گەشتکردن بە ڕێگای وشکانی یان ئاسمانی هەڵنەگرن، ماددەی هۆشبەر، جگەرە، نێرگەلە، زێڕ، یان هەر شتێک کە ڕێگە پێدراو نەبێت وەک پارەی کاشی زۆر."

دەستەی حەج، داوای لە حاجیانی کردووە "ئەو کەسانەی کە مۆڵەتی فەرمی حەجیان نییە، لەلای خۆیان داڵدەیان نەدەن و هاوکاریان نەکەن، چونکە ئەمە ڕووبەڕووی سزای توند دەبنەوە، لەوانە سزای دارایی و زیندانیکردن و دیپۆڕتکردنەوەی بەدوای خۆی دادێنێت."

هەروەها جەختیشی لە گرنگی هاوکاریکردن لەگەڵ دەستەی حەج کردەوە بۆ جێبەجێکردنی ڕێسا و پلانەکانی حەج و دوورکەوتنەوە لە هەر کردەوەیەک کە ببێتە هۆی دوژمنایەتی و ڕق و کینە بەرامبەر بە حاجیانی نەتەوە و مەزهەبەکانی دیکە.

ڕوونیشی کردەوە "ئامانج لەم هۆشداریانە، دڵنیاکردنەوەیە لەوەی عێراقیەکان بە ئاسانی و سەلامەتی ڕێوڕەسمی حەج ئەنجام بدەن، هەروەها ڕێگری بکەن لەوەی تووشی سزا ببن بەهۆی پێشێلکردنی یاسا و ڕێساکانی سعوودیە."

 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment