لەپێناو بلیتی یاریی كۆتایی چامپیۆنزلیگ دەجەنگن
ئەمڕۆ بارسێلۆنا نایەوێت یادگارییەكانی 15 ساڵ لەمەوبەر دووبارە ببێتەوە
بارسێلۆنا لە یاری گەڕانەوەی قۆناغی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ و لە پێناو بەدەستهێنانی بلیتی یاری کۆتایی، لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی ئینتەر میلان دەبێتەوە. یانەکەی هەرێمی کەتەلۆنیا ئامارەکانی دڵخۆشکەر نین، بارسێلۆنا لەوەتەی ساڵی 2011 لە دەرەوەی یاریگای خۆی، لە قۆناغی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ براوە نەبووە، بەڵام لە 2015 بەرامبەر بایرن، بە ئەنجامی هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوە سەرکەت بۆ قۆناغی پێشکۆتایی، دوایینجاریش ساڵی 2010 توانی لە یاری گەڕانەوە بردنەوە بەدەست بهێنێت، ئەویش بەرامبەر ئینتەر میلان بوو.
بارسێلۆنا دوای یەکسانبوونەکەی یاری چوونی قۆناغی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ئینتەر میلان، ئەمجارەیان لە دەرەوەی یاریگای خۆی و لە ئیتاڵیا، لە پێناو بەدەستهێنانی بلیتی یاری کۆتایی، رووبەڕووی یانە ئیتاڵیەکە دەبێتەوە.
یانەکەی هەرێمی کەتەلۆنیا نایەوێت یادگارییەکانی نزیکەی 15 ساڵ لەمەوبەر دووبارە ببێتەوە، ئەوکاتە هەردوو یانە لە ساڵی 2010 بۆ دوایننجار لە قۆناغی پێشکۆتایی رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە، لە هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوە، ئینتەر براوە بوو و گەیشتە یاری کۆتایی.
بارسێلۆنا پێش گەشتەکەی بۆ شاری میلانۆی ئیتاڵیا، بە مەبەستی رووبەڕووبونەوەی ئینتەر میلان لە یاری گەڕانەوەی قۆناغی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ، هەواڵێکی خۆشی پێگەیشت، ئەویش گەڕانەوەی رۆبێرت لێڤاندۆڤسکی بوو لە پێکانەکەی.
بۆ ئەم یارییە لە ریزەکانی یانەی بارسێلۆنا کۆمەڵێک یاریزان بەهۆی پێکان یاری ناکەن، جگە لە هەردوو باڵی بەرگری کوندێ و باڵدێ هاوشانی مارک بێرناڵ و پابلۆ تۆرێ، ئەو چوار یاریزانە بۆ یارییەکەش بانگهێشت نەکراون و گەشتی ئیتاڵیایان نەکردووە.
هانزی فلیلک راهێنەری ئەڵمانی یانەی بایرن میونشن، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە رایگەیاند، دڵخۆشە بە گەڕانەوەی رۆبێرت لێڤاندۆڤسکی و گووتیشی، ئەو یاریزانە بۆ ئەم یارییە لە پێکهاتەی سەرەکی نابێت.
لێدوانەكانی هانزی فلیك
''دڵخۆشم بە گەرانەوەی رۆبێرت لێڤاندۆڤسکی، ئەو یاریزانە بۆ ئەم یارییە، لە پێکهاتەی سەرەکی نابێت و وەکو یاریزانی یەدەگ بەشداری دەکات، دەبێت چاوەڕێ بکەین، بۆ ئەوەی بزانین ئایا بۆ یاری کلاسیکۆ، دەتوانێت لە پێکهاتەی سەرەکی بێت یاخود نا. سەرەتای ئەم وەرزە زۆر کەس پێشبینی ئەوەی نەدەکرد ئێمە بگەینە ئەم قۆناغە، ئێستاش کە لەم قۆناغەین، دەمانەوێت چێژ لە تۆپی پێ ببینین و دەمانەوێت هاندەرەکانیشمان چێژ ببینن.
هاندەرانی ئینتەر میلان هەواڵێكی خۆشیان پێگەیشت
هاندەرانی ئینتەر میلان، هەواڵێکی خۆشیان پێگەیشت، ئەویش گەڕانەوەی هەردوو یاریزانی یانەکەیان، لاوتارۆ مارتینێزی هیرشبەر و بێنجامین پاڤاردی بەرگریکار بوون.
ئینتەر میلان لەوەتەی ساڵی 2010 دووجار گەیشتووەتە قۆناغی پێشکۆتایی، جاری یەکەم بەرامبەر بارسێلۆنا لە هەردوو یاری چوون و گەڕاوە براوە بوو، جاری دووەمیش ساڵی 2023 بەرامبەر ئەیسی میلان بوو، ئەو کاتیش براوە بوو و گەیشتە یاری کۆتایی.