بەهای دۆلار بۆ کەمتر لە 143 هەزار دینار دابەزی

بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریکی بۆ بەرزترین ئاستی زیاتر لە ساڵێکی ڕابردوو بەرزبووەوە.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی ئایاری 2025، بەهای 100 دۆلاری ئەمەریکی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بۆ کەمتر لە 143 هەزار دینار دابەزی، ئەوەش بەرزترین بەهای دینارە لەماوەی زیاتر لە ساڵێکدا.
بەرزبوونەوەی بەهای دینار پەیوەندی بە کەمبوونەوەی خواست لەسەر دۆلاری کاش هەیە، ئەوەش بەهۆی رێکارەکانی بانکی ناوەندییە کە دابینکردنی دۆلار بۆ بازرگان و گەشتیار و توێژە جیاوازەکان لەخۆدەگرێت.
بەپێی وتەی د.جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی رۆژانە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان نزیکەی 10 ملیۆن دۆلار ئاڵوگۆڕی پێوە دەکرێت.
ئەوەش بەراورد بە دوو ساڵ پێش ئێستا بۆ نیوە دابەزیوە چوونکە پێشتر قەبارەی ئاڵوگۆڕەکە نزیکەی 20 ملۆن دۆلار بوو.
لە ماوەکانی ڕابردوودا قەبارەی خستنەڕووی دۆلاری کاش کە بانکی ناوەندی ڕۆژانە ڕایدەگەیاند یەکێک بوو لە هۆکارەکانی هەڵکشان و داکشانی بەهای دینار، بەڵام لە 27ی شووباتەوە بانکی ناوەندی خستنەڕووی دۆلاری ڕانەگەیاندووە، چاودێران ئەوە بە هۆکارێک دەزانن بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دینار.