ئەورووپا لە وەڵامدانەوەی ترەمپدا: بەبەهای 100 ملیار یۆرۆ باج دەخەینە سەر کاڵاکانی ئەمەریکا

ئاژانسی فرانس پرێس، لەسەر زاری دیپلۆماتکارانی ئەورووپایی بڵاوی کردەوە، یەکێتیی ئەورووپا ئامادەکاری دەکات بۆ سەپاندنی باج بەسەر بەرهەمە ئەمەریکاییەکان بە بەهای 100 ملیار یۆرۆ، وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بۆ ئەو باجەی دۆناڵد ترەمپ سەپاندوویەتی، ئەگەر دانوستانەکان شکست بهێنن.

سەرۆکی ئەمەریکا، سەپاندنی باجی زیادەی 20%ـی بەسەر زۆربەی بەرهەمەکانی ئەورووپا ڕاگەیاند، بەڵام جێبەجێکردنی تا مانگی تەمموزی داهاتوو ڕاگرت، چونکە لە هەوڵی دانوستاندان تاوەکو کێشە بازرگانییەکان چارە بکەن.

کاڵاکانی ئەورووپا باجی زیادەی 10%یان لەسەرە کە هەناردە دەکرێن بۆ ئەمەریکا، ئەمەش لە کاتێکدایە واشنتن 25% باجی زیادە بەسەر هاوردەکردنی پۆڵا و ئەلەمنیۆم و ئۆتۆمبێلی ئەورووپادا سەپاندووە.

یەکێتیی ئەورووپا هیوادارە لەگەڵ ئەمەریکا بگەنە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی شەڕی بازرگانی ڕوو نەدات، بەڵام دەیەوێت خۆشی ئامادە بکات بۆ وەڵامدانەوەی ئەمەریکا ئەگەر هاتوو دانوستانەکان شکستی هێنا.

دوو دیپلۆماتکاری ئەورووپی بە ئاژانسی 'فرانس پرێس'یان ڕاگەیاند، کۆمیسیۆنی ئەورووپا کە سیاسەتی بازرگانیی یەکێتیی ئەورووپا بەڕێوە دەبات، هەفتەی ڕابردوو وڵاتانی ئەندامی ئاگادارکردۆتەوە کە بە بەهای 100 ملیار یۆرۆ  باج دەخەنە سەر کاڵای ئەمەریکایی، وەک تۆڵەی ئەو باجانەی کە ئەمەریکا لە 20%ی زیاد کردووە، ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت.

بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، لیستی سەرەتایی ئەو بەرهەمانەی باجی دەخرێتە سەر بڵاو بکرێتەوە، هەروەها بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی فاینانشیاڵ تایمز، لیستەکە فڕۆکەکانی بۆینگ لەخۆ دەگرێت.

مارۆس سێفکۆڤیچ، کۆمیساری بازرگانی یەکێتیی ئەورووپا لەم هەفتەیەدا بە پەرلەمانی ئەورووپای ڕاگەیاندووە، 70%ی کۆی هەناردەکردنی یەکێتیی ئەورووپا باجیان لەسەرە کە لە 10% بۆ 25% دەبێت.

 

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment