ئەمڕۆ یەکەم کاروانی حاجیانی عێراق بەرەو سعوودیە بەڕێ دەکەوێت

بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ـی ئایاری 2025، یەکەم کاروانی حاجیانی عێراق بەڕێگەی ئاسمانی بەرەو سعوودیە بەڕێ بکەوێت. 

مەیسەم سافی، بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ڕایگەیاند، وەزارەتەکە نوێترین فڕۆکەی بۆینگ 727، دریم لاینەر، و ئێرباس 787ی ئامادە کردووە، هەروەها ئامادەکارییەکانیش بەردەوامن بۆ زیادکردنی فڕۆکە لە ئەگەری زیادبوونی ژمارەی گەشتەکان.
گوتیشی: هۆڵی چاوەڕوانی تایبەت بۆ حاجیان دیاریی کراوە، ئاسانکاری بۆ چوونە ناو فڕۆکەخانەکان دەکرێت، هەروەها خزمەتگوزاریی و ژەمی تایبەت بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان ئامادە کراوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا عەما توفەیلی، بەرپرسی ڕاگەیاندن لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف گوتی: ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، یەکەم کاروانی حاجیان بە هێڵی ئاسمانی عێراقیە بەرەو سعوودیە بەڕێ دەکەون.

ئاماژەی بەوەش دا، ژمارەی گەشتی حاجیانی عێراقی بۆ سعوودیە لە فڕۆکەخانەی نەجەف، 17 گەشت دەبێت، کە لە هەر گەشتێکدا 150 حاجی دەگوازرێنەوە. 

پێشتر وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندبوو، یەکەم کاروانی حاجیان لە 14ـی ئایاردا بەڕێ دەکەوێت.

چوارشەممە، 30ـی نیسانی 2025، شێخ نیاز راغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، 16ـی ئایاری 2025، یەکەم کاروانی حاجیانی کوردستان بەرەو سعوودیە بەرێ دەکەوێت.

گوتیشی ڕۆژانی 16 و 17ـی ئایار هەزار و 645 حاجی بەڕێگایی وشکانی بەڕێ دەکەون و 19ـی ئایاری 2025، سێ هەزار و 491 حاجی، لە هەردوو فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانییەوە بەڕێ دەکەون .

ئاماژەی بەوەش کردووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام پاڵپشتی پرۆسەی حەج و عومرەیە لە هەرێمی کوردستان و بۆ ئەمساڵیش مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی ڕاسپارد کە  بڕی چوار ملیار و دووسەد ملیۆن دینار پاڵپشتیی پرۆسەی حەج بکرێت تاوەکوو تێچووی حەج لەسەر هاووڵاتیان کەم بکرێتەوە. 

 

 

 

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment