بارسێلۆنایەكەی هانزی فلیك رەنگە دوو نازناوی دیكە لەدەست بدات
دۆڕانەكەی بارسا بەرامبەر ئینتەر میلان لە سەروبەندی کلاسیکۆدا رەنگە دوو نازناوی فلیک و تیپەکەی بەفیڕۆ بدات
ئەگەر یاریزانێکی بارسێلۆنا بیت، بەم شێوەیە یارییەکەی بارسێلۆنا و ئینتەرت لەبیر دەمێنێت: لە خولەکی 93، لامین یامال بەرەو گۆڵی ئینتەر رادەکات و بە لێدانێکی لەناکاو ستوونی گۆڵی ئینتەر دەهەژێنێت، تۆپەکە دەگەڕێتەوە و رێک ئەم تۆپە دەچێتە نێو گۆڵی بارسێلۆنا و فیکەی کۆتایی یاری بە ئەنجامی 3-3 لێدەدرێت.
ئینتەر میلان لەسەر یاریگای خۆی یارییەکەی یەکسان کردەوە و دواتریش لە کاتی زیادکراودا گۆڵێکی دیکەی تۆمار کرد و یارییەکەی بردەوە، بەڵام ئەو یارییەی لە بارسێلۆنایەکی بردەوە کە خەیاڵی بەدەستهێنانی گشت نازناوەکانی هەبوو، بەڵام ئێستا بارودۆخەکە گۆڕاوە.
ئەمە یارییەک بوو کە دەکرا پڕ بە دڵ بۆی بگری. بارسێلۆنا گرنگترین جامی ئەمساڵی لەدەست چوو، ئەویش لە دوایین چرکەکانی یاریدا کە هاندەرانی بارسێلۆنا خۆیان بۆ شایی و هەڵپەڕکێ ئامادە کردبوو. بارسێلۆنا دۆڕا، بەڵام سەربەرزانە و ناخۆش دۆڕا.
لەشکرە شکستخواردووەکەی بارسێلۆنا گەڕایەوە و دەبێت رۆژی یەکشەممە یارییەکی چارەنوسساز لەگەڵ ریاڵ مەدرید بکات، ئەویش ریاڵێک کە تەنها ئومێدی لاوازی بارسێلۆنایە کە بتوانێت جامی لالیگا لە دەست بارسێلۆنا دەربێنێت، لە کاتێکدا بە 4 خاڵ لەپاش یانەی بارسایە.
بۆ بارسێلۆنا کوندێ و بالدێ یاری ناکەن، لیڤاندۆڤسکیش لە ئاستی خۆیدا نییە و ئەگەری کەمە بتوانێت 90 خولەک یاری پێبکرێت.
فلیک تاکو یاری بەرامبەر بە ریاڵ مەدرید تەنیا دەتوانێت لە رووی دەروونییەوە کار لەسەر یاریزانە گەنجەکانی خۆی بکات کە بەشێکیان لە قوتابخەنە وانە دەخوێنن.
بارسا و ریاڵ لەم وەرزەدا لە 3 یاریدا بەرەو ڕووی یەکتر بوونەتەوە کە لە هەر سێکیاندا بارسا بردوویەتەوە، ئەویش بە ئەنجامەکانی 4-0 و 5-2 و 3-2. ئەرێ هەر بەڕاست بارسێلۆنا دەتوانێت دۆڕانی بە ئینتەر لەبیر بکات؟
بارسێلۆنا هەلی بەدەستهێنانی سێیانەی هەبوو و ئێستاش دەتوانێت بەرامبەر بە ریاڵی ئانچیلۆتی پوکەر بکات و تاڕادەیەکی زۆر دەتوانێت دووانەی ئەمساڵی یەکلا بکاتەوە، بەڵام شکست بەرامبەر ریاڵ، واتە لەدەستدانی دووانە، ئەوکات دەبێت بە حەسرەتەوە تەنیا سەیری جامی شا بکەن، ئەو جامەی کە فلیک زۆر بە دڵی نییە.
ئا: محەمەد شەهدی