ڕۆژی دووەمی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی ئەمستردام بەڕێوەچوو
فێستیڤاڵی فیلمی کوردی ئەمستردام لە ژێر ناونیشانی 'ئازادی باشووری کوردستان' 32 فیلمی کوردی لە سێ ڕۆژدا لە هۆڵەندا نمایش دەکات، هاوکات ئەمڕۆ ڕۆژی دووەمی فێستیڤاڵەکە بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ شەممە 10ـی ئایاری 2025، دووەم ڕۆژی چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی ئەمستردام، لە شاری ئەمستەردام لە هۆڵەندا بەڕێوەچوو، کە بڕیارە تاوەکوو 11ـی ئایاری 2025 بەردەوام بێت.
لەمبارەیەوە، کۆمپانیای لامیدیا، کە هاوبەشی سەرەکی فێستیڤاڵی فیلمی ئەمستردامە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە خولی چوارەمی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ئەمستردام، 32 فیلمی کوردی نمایش دەکرێن، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین پانێل و کۆڕ وکۆبوونەوە لە نێوان سینەماکارانی هەر چوار پارچەی کوردستان بەڕێوە دەچێت.
ڕێبەر دۆسکی سەرۆکی فێستیڤاڵەکە ڕایگەیاند، بەشداربووان لە ڕێگەی ئەو فێستیڤاڵەوە بە کۆمەڵگەی وڵاتەکەیان ئاشنا دەبن و بە پەرۆشەوە بەشداری فێستیڤاڵەکە دەکەن و سەیری فیلمەکان دەکەن.
هاوکات هیواشی خواست فێستیڤاڵەکە زیاتر بەڕەو پێش بچێت و ژمارەی بەشداربوانیش زیاتر بن.
هاوکات فێستیڤاڵەکە تیشک دەخاتە سەر سینەمای باشووری کوردستان–ئازادی و بەستنەوەی 80 ساڵەی ئازادی لە هۆڵەندا بە خەباتی بەردەوامی کورد بۆ کاری کولتووری و سیاسی.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەکادیمیای AKFF کە وەبەرهێنان لە بەهرەمەندە نوێیەکانی کورد لە بواری سینەما دەکات، دەرفەتێک دەخاتە بەردەم سینەماکارانی گەنجی کورد، کە پلانی فیلمی تایبەت بە خۆیان لەژێر ڕێنمایی دەرهێنەرێکی بە ئەزموون دابڕێژن و هاوکارییەکی مادییان پێشکەش دەکات.
هەروەها لە چوارچێوەی فێستیڤاڵەکەدا بەرنامەیەکی پڕ لە میوزیک و گۆرانی و گفتوگۆ و نمایشی کولتووری ئامادە کراوە، دەیان سینەماکاری بە ئەزموونی کورد لە سەرانسەری جیهان لەم فێستیڤاڵەدا کۆدەبنەوەو گفتوگۆی گەرم لەبارەی دوایین کاری سینەمای کوردی دەکەن.